گرنگ

زانکۆی سلێمانی شوێنەوارێكی گرنگی دۆزیەوە مێژووی شارنشینی لەشاری سلێمانی دەگۆرێت

2024-05-28

 
سەرۆکی تیمی پڕۆژەی شوێنەواری دێکۆن رایدەگەیەنێت زانکۆی سلێمانی کۆشکێکی شوێنەواری دۆزییەوە کە مێژووەکەی بۆ ٣ هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە
 
لەمبارەیەوە پڕۆفیسۆر، دڵشاد زاموا، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی تیمی پڕۆژەی شوێنەواری دێکۆن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری بوار تیایدا ئامادەبوو رایگەیاند : ئەمرۆ دۆزینەوەیەكی گرنگ رادەگەیەنین ئەویش دۆزینەوەی پرۆژەی شوێنەواری دێكۆنە كە پرۆژەیەكی بەشی شوێنەواری كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەكانی زانكۆی سلێمانیە بەهاوكاری بەرێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوارو بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی كە شوێنەوارێكیان بۆ تەرخان كردوین نزیك روباری سەرچنار و قولەرەیسی لەو شوێنەوارە خوێندكاران و مامۆستایان پێكەوە كنەو پشكنین دەكەن بۆ راهێنانی خوێندكاران.
 
ئاشكرایكرد : كۆشكێكمان دۆزیوەتەوە ٣ هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دروستكراوە ئەم كۆشكە لەلایەن گەلی لولو دروستكراوە كە دێرینترین گەلی ناوچەی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەریەتی ئەم گەلە دێرینە پێنج هەزار ساڵ لەمەوپێش دەركەوتون و لەم ناوچەیە ژیاون و خەڵكی رەسەنی ئەم ناوچەبوون .
 
ناوبراو دەڵێت: ئەم گەلە سێ هەزار ساڵ لەم ناوچەیە ژیاون وە دواتر تواونەتەوە و بونەتە بەشێك لەباپیرانی خەڵكی ئەم ناوچەیە .
 
سەرۆکی تیمی پڕۆژەی شوێنەواری دێکۆن زانیاری لەبارەی كۆشكەكە ئاشكرادەكات و دەڵێت : لەكۆشكەكە هۆڵی پێشوازی پاشامان دۆزیوەتەوە كە تەختی پاشا شوێنەكەی دیارە ، وەهەروەها چەندین ژوریتر كە گەنجینەو ژورەكانیترن ، وە لەو دۆزینەوە گرنگانەی كە لەكۆشكەكە هەیە نوسینی مێخیمان دۆزیوەتەوە تابلێتی مێخیە و بە دیوارەكەوە هەڵواسرابوو تیایدا نزا بۆ كۆشكەكە دەكات كە رونكا بێتەوە ، هەروەها ژمارەیەك مۆرمان دۆزیوەتەوە لە گەنجینەی كۆشكەكە یەكێك لەو مۆرانە زۆر گرنگە كە ناوی ژمارەیەك خواوەندی لەسەرە لەگەل ناوی كەسێك كە رەنگە پاشابوبێت .
دەشڵێت مامۆستایان و خوێندكاران لەرۆژانی داهاتوو بەردەوام دەبن و لە كاری كنەو پشكنین ، وە ئەم دۆزینەوەیە مێژووی شارنشینی لەشاری سلێمانی دەگۆرێت و دەیسەلمێنێت كە شارنشینی لە سلێمانی مێژووەكەی ٣ هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەرە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color