گرنگ

ئیدارەی گشتی یەکێتی لە ڕێی ​کۆمپانیای قەیوان سەدان پارچە زەوی لە بەرزایەکانی سلێمانی فرۆشتووە

2024-05-28

 
ئیدارەی گشتی یەکێتی لە ڕێی کۆمپانیای قەیوان سەدان پارچە زەوی لە بەرزایەکانی سلێمانی فرۆشتووەو نرخی مەترێک زەوی لە ٨۰۰ دۆلار تا دوو هەزار دۆلار فرۆشراوە.
 
 
کۆمپانیای قەیوان، لە ناو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی بەرزاییەکانی سلێمانی كە دەکەوێتە بناری چیای گۆیژە لە شاری سلێمانی پارچە زەوی فرۆشتووە و بە پارەکەی لەسەر زەویەکانی تر شوقەو ڤێلای دروستکردووە.
 
 
 
کۆمپانیای قەیوان، کە جێبەجێکاری پڕۆژەی بەرزاییەکانی سلێمانییە، سەدان پارچە زەوی ناو پڕۆژەکەی لە ڕێگای کۆمپانیاکانی عەقارات و نوسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرەوە خستووەتەڕوو بۆ فرۆشتن. ئێستاش ڕیکلامی فرۆشتنی ئەو زەویانە لە سۆشیال میدیا ماون. کە دەیان جۆر زەوی جیاواز لە خۆ دەگرێت ڕووبەریان لە ۱٥۰ مەتر تا ٥۰۰ مەتر دەست پێدەکات. بە پێی شوێنەکەیان نرخیان گۆڕاوەو کەمترین نرخ ٨۰۰ دۆلار بووە بۆ هەر مەترێک و زەوی ۱٥۰ مەتری بە بڕی ۱۲۰ هەزار دۆلار (۱۲ دەفتەر) فرۆشراوە. زۆرترین نرخیش بۆ مەترێک دوو هەزار دۆلار بووە. زەوی ٤۰۰ مەتری بە ٨۰۰ هەزار دۆلار (هەشتا دەفتەر) فرۆشراوە و زۆرترین زەوی لە زۆنی پێنجی پڕۆژەکە فرۆشراوە.
 
 
کۆمپانیاکە لە کاتێکدا زەوی فرۆشتووە کە کۆی زەوی پڕۆژەکەی لە حکومەت وەرگرتووە و بە پێی یاسای وەبەرهێنان نابێت کۆمپانیا زەوی بفرۆشێت.
 
 
فرۆشتنی زەوییەکان بە ئاشکرا بووەو دەزگا پەیوەندیدارەکان بێدەنگیان لێ کردووە و کۆمپانیاکە دەیان ملیۆن دۆلاری لەو ڕێگایەوە دەست کەوتووەو تۆڕێک لە کۆمپانیای عەقارات و نوسینگەی زەوی و خانوبەرە سەرقاڵی ساکردنەوەی زەوییەکان بوون لە بازاڕدا.
 
تەنها مەرجی فرۆشتن ئەوەیە هەر کەسێک زەوییەکان بکڕێت دەبێت لە کاتی دروستکردنی بینادا پابەندی هەمان شێوازی دیکۆری دەرەوەی خانوەکانی ناو بەرزاییەکانی سلێمانی بێت تا وا دەربکەوێت کۆمپانیاکە دروستی کردووە و بەشێکە لە پڕۆژەکە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color