پارێزگای نەینەوا، دەیەوێت هاوڵاتیانی هەرێم بە ئیقامە سەردانی پارێزگای موسڵ بكەن.
بەپێی نوسراوێك، پارێزگای نەینەوا داوا دەکات بازگەکانی هەرێم لە نێوان موسڵ و هەولێر و دهۆک ئیقامە لەسەر هاوڵاتیانی پارێزگاکە لابدەن کاتێک سەردانی هەرێم دەکەن.
عومەر مولی جێگری پارێزگاری نەینەوا، لە ۲٥ی نیسانی ئەمساڵ نوسراوێکی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردووە و داوا دەکات ئیقامە لابدرێت لەسەر ئەو هاوڵاتیە عەرەبانەی كە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن. بەو پێیەی هاوڵاتیان کاتێکی زۆریان لەبازگەکاندا پێدەچێت تا ئیقامەیان بۆ دەکرێت. بەپێچەوانەوە هاوڵاتیانی هەرێم بەشێوەیەكی ئاسایی و بەبێ ئیقامە سەردانی نەینەوا دەکەن. جێگری پارێزگاری موسڵ داوا دەکات هاوڵاتیان بە بەڵگەنامەکانی پێناسی باری شارستانی و کارتی نیشتیمانی یان کارتی نیشتەجێبوون سەردانی هەرێم بکەن.
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتی هەرێم بوون. بەڵام تا ئێستا وەڵامی نوسراوەکەی جێگری پارێزگاری نەینەوا نەدراونەتەوە. لە بەرامبەردا ئەنجومەنی پارێزگاکە دەیەوێت هاوشێوەی هەرێم ئیقامە بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمدا بسەپێنێت کاتێک سەردانی پارێزگای نەینەوا دەکەن.
مەڕوان محەمەد تائی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە و لە ۹ی ئەم مانگە پڕۆژەکەی خستووەتە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە ناونیشانی سەپاندنی ئیقامە بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کاتی هاتنیان بۆ پارێزگای نەینەوا تا هاوشێوەی هەرێم لە بازگەکانی نەینەوا ئیقامە بۆ هاوڵاتیان بکرێت.