گرنگ

کڕینی نەفتای کۆرمۆر، ئاستەنگی نوێ بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دروست دەکات

2024-06-11

 

نزمی کوالێتی نەوتی هەرێم و کڕینی نەفتای بەرهەمی کێڵگەی کۆرمۆر گرفتی لە نێوان کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و وەزارەتی نەوتی عێراق دروستکردووە.

پێش وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم وەزارەتی سامانەسروشتیەکان ڕۆژانە نزیکەی ۲۰ هەزار بەرمیل نەفتا (کۆندێنسەیت)ی بەرهەمی کێڵگەی کۆرمۆری لە کۆمپانیای داناگازی ئیماراتی دەکڕی و بەتانکەر بۆ وێستگەی پەمپی خوڕمەڵە دەگوازرایەوە و تێکەڵ بەنەوتی هەرێم دەکرا بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی نەوتی هەرێم.

لە ئێستادا حکومەتی عێراق دەیەوێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، لەو پارەیەی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت وەک تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەو شایستەی دارایی تەرخانیکردووە نەفتای کۆرمۆر بکڕێت و بەوەش پشکی کۆمپانیاکان لەو پارەیە کەم دەبێتەوە.

بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ساڵێکدا بۆ کڕین و گواستنەوەی۲۰ هەزار بەرمیل نەفتای کۆرمۆر بڕی ٦۰۰ ملیار دینار پێویستە. ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەفتا نزیک ٦۰ دۆلار هەژمار بکرێت. بەوەش لەو دوو تریلیۆن و ۷۰۰ ملیار دینارەی بۆ کۆمپانیاکان تەرخانکراوە بڕی دوو تریلیۆن و ۱۰۰ ملیار دەمێنێتەوە. بۆ هەر بەرمیلێک نەوت تەنها ۱۱ دۆلاریان بەردەکەوێت. لەکاتێکدا بەبێ هەژمار کردنی کڕینی نەفتای کۆرمۆر تێچووی بەرمیلێک نەوت بۆ کۆمپانیاکان بە ۱٤ دۆلار هەژمار کراوە.

ئەم گرفتە یەکێکە لە بابەتەکانی دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوت. کۆمپانیاکان داوا دەکەن لە دەرەوەی ئەو پارەیەی بۆ شایستەی کۆمپانیاکان تەرخانکراوە وەزارەتی نەوتی عێراق نەفتا بکڕێت.

بەهۆی نزمی کوالێتی نەوتی هەندێک لە کێڵگەکانی هەرێم بەتایبەت کێڵگەی شێخان، بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی و گەیاندنی بەئاستی نەوتی سوک و مامناوەند حکومەتی هەرێم ناچار بوو ڕۆژانە بیست هەزار بەرمیل نەفتا تێکەڵ بەنەوتی هەرێم بکات بۆ هەناردە کردن. بەبێ تێکەڵکردنی نەفتا نرخی نەوتی هەرێم بەهۆی نزمی کوالێتیەوە زۆر لەخوار نرخی جیهانیەوە دەبێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color