گرنگ

حكومەتی عێراق، چەندین بۆمبی مەترسیدار بۆ هەرێم دادەنێت

2024-06-11

 


نێوانی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لە ڕووی ناردنی پارە و دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە مانگی هەنگوینیدایەو تا ڕاددەیەكی زۆر كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغداوە چارەسەر كراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا بەغدا بە دەستێك پارە بۆ هەرێم دەنێرێت و بە دەستەكەی دیكەشی سەرقاڵی دانانی چەندین بۆمبی یاساییە بۆ هەرێم.

ئێستا هێزە سیاسییەكان، مەستی ئەوەن كە لەگەڵ حكومەتی عێراق كەوتوونەتە ڕێككەوتن و مانگانە لە كاتی خۆیدا موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت. بەڵام بەغدا ئەگەرچی پابەندە بە ڕێككەوتنی ناردنی پارەو دابینكردنی شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم. بەڵام لە ڕووی یاساییەوە دۆخەكەی لە بەرژەوەندی خۆی قۆستووەتەوەو سەرقاڵی دانانەوەی بۆمبی مەترسییدارە بۆ هەرێم.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو، بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ دەنگی و بە سوود وەرگرتن لە لاوازی سووننەو سەرقاڵبوونی سوننەكان بە پڕكردنەوەی پۆستەكەی محەمەد حەلبووسی و سەرقاڵی كورد بە چارەسەری كێشە داراییەكانی، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراقییان پەسەند كرد. لە ئێستاشدا یاسایەكی دیكە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. ئەم یاسایە نوێیە یاسای دەزگای هەواڵگری عێراقەو نێردراوەتە لیژنەکانی ئاسایش و بەرگری و یاسایی و ئەو سێ لیژنەیە سەرقاڵی پێداچوونەوەی پڕۆژە یاساکەن.

بەپێی ناوەڕۆكی پرۆژە یاساکە دەبێت یەک دەزگای هەواڵگری فیدڕاڵی لە عێراقدا هەبێت. ئەو دەزگایە بەرپرس بێت لە بابەتی زانیاری و هەواڵگری هەموو عێراق. بەپێی ڕەشنوسی یاساکە هیچ پێگەیەک بۆ هەردوو دەزگای زانیاری و پاراستن کە دوو دەزگای هەواڵگری هەرێمن دیاری نەکراوە. لە ئایندەدا پێدەچێت کێشەی یاسایی بۆ هەردوو دەزگاکە دروست بکرێت بەو پێیەی بەغدا لە یاساکەدا دەزگای هەواڵگری نشتیمانی عێراق بەفیدڕاڵی و تاکە دەزگای بەرپرسیار لەهەواڵگری پێناسە كردووە.

شیعەكانی عێراق دەیانەوێت لەو دۆخە بە تێپەڕاندنی ئەو دوو یاسایە، دوو بۆمبی مەترسیداری یاسایی بۆ هەرێم دابنێنەوە. چونكە بە پێی ناوەڕۆكی هەردوو یاساكە دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراق دەتوانن لە هەرێمی كوردستان لقییان هەبێت و نابێت دەزگا هەواڵگرییەكانی هەرێم هیچ چاڵاكییەكیان هەبێت.

چاوەڕێ دەكرێت دوای تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایە كۆمەڵێك سكاڵا لە دادگای فیدڕاڵی لە دژی دەزگا هەواڵگرییەكانی هەرێم تۆمار بكرێت و بە بیانووی ئەو دوو دەزگا فیدڕاڵییە، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیار لە دژی دەزگا هەواڵگرییەكانی هەرێم دەربكات

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color