گرنگ

پرکردنەوەی ددان بە ماددەی سپی باشترە یان ماددە رەشەکە؟


 

پرکردنەوەی ددان بە ماددەی سپی باشترە یان ماددە رەشەکە؟

د.تروسکە عبداللە
پزیشکی ددان

ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی لەکاتی کارکردنی رۆژانەماندا زۆرترینجار روبەڕومان دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە، دکتۆر ماددە سپیەکە باشترە یان ڕەشەکە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە باوەی خەڵک کە زۆرجار بەهۆی نەبونی زانیارییەوە نەخۆشەکان توشی دڵەڕاوکێ دەبن لەبڕیاردان، ئێمە لێرەدا رونکردنەوەیەکی کورت دەدەین لەبارەی هەردو جۆرەکەیەوە، چونکە هەردوکیان دو ماددەی جیاوازن و تایبەتمەندی خۆیان هەیەو هەردوکیان باشن، پزیشکی پسپۆڕ بەپێی حاڵەتەکە بریاردەدات کامیان بەکاردێنێت.

تایبەتمەندیەکانی ماددەی سپی(composite).

١-جوانی، لە ڕووی ڕەنگەوە هەمان ڕەنگی سروشتی ددانی هەیە.

٢- تاڕادەیەکی باش بەهێزەو بەرگەی بەرکەوتن و هێزی جوین دەگرێ بێ ئەوەی بشکێ.

٣- گەرمی و ساردی ناگەیەنێتە ددانەکە.

٤- لەروی نرخەوە گرانترە، لەماددەی ڕەش.

٥-کاتێکی زیاتری دەوێ بۆ ئیشکردن بە بەراورد بە ماددەی ڕەش.


ماددەی ڕەش(amalgam)

١-لەروی رەنگەوە قبوڵکراو نیەو ناتوانرێ بۆ ددانەکانی پێشەوە بەکاربێت.

٢-زۆر بەهێزەو بەرگەی هێزی زۆر دەگرێ.

٣- قەبارەی جێگیر نیە، توشی کشان دەبێ لەپلەی گەرمی زۆر بەرز.

٤- لەڕوی نرخەوە هەرزانترە بە بەراورد بە ماددەی سپی.

٥-کاتێکی کەمتری دەوێ بۆ پرکردنەوەو ئیشکردنی ئاسانترە.

چەند تێبینیەک.

چارەخواز هەر گیز پێویست ناکات پێداگری بکات و دکتۆر ناچاربکات بە بەکارهێنانی ماددەی سپی یان ڕەش.
لەناو خەڵکدا باوە کە دەڵێن ماددە ڕەشەکە زۆر بەهێزترە لە ماددە سپیەکە، بەڵام لە ئێستادا جۆری زۆر باشی ماددەی سپی هەیەو زۆر بەهێزن، بۆیە بەکارهێنانی ماددەی سپی زۆر گونجاوە.

لەئێستادا بەکارهێنانی ماددەی سپی زۆر زیاترەو هەندێ حاڵەتی کەم نەبێ کە دکتۆرەکە ناچار دەبێ ماددەی ڕەش بەکاربهێنێت.
ماددەی ڕەش بۆ پرکردنەوەی ددانەکانی دواوە بەکاردێت و بۆ ددانەکانی پێشەوە گونجاو نیە، چونکە لەروی رەنگەوە زۆر دورە لە ڕەنگی ددانی سروشتی.
ماددەی سپی گونجاوە بۆ پرکردنەوەی ددانەکانی پێشەوەو دواوە بێ جیاوازی.
لەهەندێک حاڵەتی دەگمەندا هەندێ کەس هەیە حەساسیەتی بە ماددە ڕەشەکە هەیەو لەم کاتەدا بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێ بۆی بەکاربێنیت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color