هەریەک لە پارتی دیموکرات و عەرەب و تورکمان بەرپرسێکی کوردی کەرکوک لە پۆستەکەی دوور دەخەنەوە و دەسەڵاتی بەڕێوەبەرەکە دەدرێتە ڕاکان جبوری.
ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە هەردوو ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەحمەد حەمدانی و مەحەمەد ئیبراهیم حافز واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ لابردنی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کەرکوک و ڕاگرتنی کارەکانی دەستەکە تا کەسێکی نوێ بۆ سەرۆکی دەستەکە دادەنرێت.
پێنج ئەندامی عەرەب و دوو ئەندامی تورکمان و هەردوو ئەندامەکەی پارتی کە حەسەن مەجید و شۆخان حسێنن هاوشێوەی عەرەب و تورکمان واژۆیان کردووە بۆ دوور خستنەوەی دلێر زێدان سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کەرکوک کە کوردە و لە پشکی یەکێتی پۆستەکەی وەرگرتووە.
دوای کۆکردنەوەی ۹ واژۆ ڕاکان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک بەنوسراوێک کارەکانی دەستەکە ڕادەگرێت و بەرپرسی دەستەکە لەکار لادەدات و پاساوەکەی ئەوەیە نۆ ئەندامی ئەنجومەن زۆرینەن و واژۆکانیان بەواتای متمانە وەرگرتنەوە لە سەرۆکی وەبەرهێنانی کەرکوک دێت.
لەنوسراوەکەدا ئاماژە بەڕاگرتنی کارەکانی دەستەکەکراوە تاوەکو ئەنجومەنی پارێزگا سەرۆک و ئەندامانی نوێ دەستەکە دادەنێت و تا ئەو کاتە دەسەڵاتی دەستەی وەبەرهێنان دەچێتە لای پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک.