گرنگ

بەرەی تورکمانی و خەمیس خەنجەر و پارتی دژی دەستنیشانکردنی خالید شوانین وەک پارێزگاری کەرکوک

2024-08-01

 

   #بوار هەر یەک لە بەرەی تورکمانی و خەمیس خەنجەرو پارتی دیموکراتی کوردستان دژی دەستنیشانکردنی خالید شوانی وەک پارێزگاری کەرکوک دەوەستنەوە. سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامی بە لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک داوە ئەگەر تا ۱۱ی ئاب لەسەر پارێزگاری کەرکوک ڕێک نەکەون کەسێک دەکاتە سەرپەرشتیاری ئیدارەی کەرکوک. بەپێی ئەو زانیاریانەی لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە گەیشتوەتە لایەنەکان خالید شوانی وەزیری دادی عێراق بەهێزترین کاندیدە تا سەرۆک وەزیران وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی کەرکوک ڕایسپێرێت بەو پێیەی ناوبراو وەزیری دادەو کەسێکی یاساییە و خەڵکی کەرکوکە و حزبەکەی خاوەنی زۆرترین دەنگ و کورسیە لە کەرکوک. هاوپەیمانی سێ قۆڵی خەمیس خەنجەر و بەرەی تورکمانی و پارتی، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ڕێگرتن لە کاندید کردنی خالید شوانی، لەبری ئەو پێشنیاری چەند کەسایەتییەکی تر دەکەن بۆ سەرۆک وەزیران تا وەک سەرپەرشیاری پارێزگای کەرکوک دەست نیشانی بکات. بەپێی زانیاریەکانی بوار، لە کۆبونەوەی هاوبەشی ئەو سێ لایەنە لەسەر ئەوە ڕێککەوتون هەر لایەنەو پێشنیاری کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران بکات و پارتی پێشنیاری عەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگاری پێشوتری کەرکوک و حزبی سیادەی خەمیس خەنجەر و بەرەی تورکمانی  پێشنیاری ئەحمەد عەبدولزەهره فەتلاوی سەرۆکی دەستەی هەماهەنگی پارێزگاکان دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق بە فەڕمی پێشنیاری فەتلاوی کردوەو نوێنەرانی حزبی سیادە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و پەرلەمانی عێراق بەنیازن بەنامەی فەڕمی هەمان داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color