گرنگ

 گرنگ

بە هۆی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتییەوە ئەستەمە پارێزگاری کەرکووک بە کورد بدرێت

2024-08-04

 

بوار، سلێمانی
مەلا بەختیار پێی وایە بە هۆی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتییەوە ئەستەمە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بدرێتەوە بە کورد.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مەلا بەختیار، کارگێڕی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کێشە ئەمنییەکانی هەرێم و بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، هەروەها پرسی پارێزگاری کەرکووک، دەبەستێتەوە بە ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتیەوە، هەمان کات مەترسی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات.

مەلا بەختیار، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بۆچوونی خۆی لە سەر دواین ئاڵۆزییە ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستان و پارتەکان بۆ میدیاکان ئاشکراکرد.


مەلا بەختیار لە بارەی مەترسی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەوە وتی: یەک مەترسی لە سەر هەڵبژاردن هەیە، ئەویش ئەو هێرشەی تورکیایە بۆ سەر بادینان، ئەگەر بادینان ئاڵۆز بێت، مەترسی لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن درووست دەکات.

مەلا بەختیار لە بارەی حزبەکانەوە وتی: حزبەکان وەکوو پێویست زەمینەی هەڵبژاردنێکی بێگەردیان ساز نەداوە، بە ناکۆکی زۆرەوە دەچنە هەڵبژاردن، ئەمەش لێکەوتەی نەرێنی لێ دەکەوێتەوە.

هەمانکات مەلا بەختیار لە بارەی دۆخی ئاسایشی سلێمانیەوە ئاماژەی بە نەبوونی دەستوور کرد و وتی: تاوان لە سلێمانی یان لە هەولێر کە ڕوو دەدات، هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە ئێمە دەستوورمان نیە، هۆکاری دووەم لەشکر و هێزەکانی کوردستان یەکیان نەگرتۆتەوە، هۆکاری سێیەم حکوومەتی حزبی لە کوردستاندا هەیە، ئەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن، ڕووداوی کێشە چارەسەرنەکراوەکانی کوردستانن، ئەگەر ئەو کێشانە چارسەر بکرێن، چۆن دەتوانرێت ئەو تاوانانە ئەنجام بدرێن.

جەختی کردەوە: دیاردەی دەستگیرکردن و کوشتن و خۆشکووشتن، لە سەرانسەری کوردستاندا هەیە، بەڵام لە سلێمانی زیاترە، ئۆباڵی هەموو ئەو دۆخەی لە سلێمانی ڕوو دەدات لەسەر یەکێتیە، پێوستە پارێزگاری سلێمانی و قائیمقامیش زیاتر شان بدەنە ژێر بەرپرسیارێتیەوە ڕێگە نەدەن زەوی و موڵکی گشتی داگیر بکرێت و گوێ بەوە نەدەن، ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن سەر بە چ حزبێکن، ئەگەر یەکێتی چارسەرێک بۆ ئەو کوشتن و بڕینە دانەنێت، لەم هەڵبژاردنەو لە داهاتووش زیانی لێ دەکات.

سەبارەت بە لێدوانە توندەکانی لاهور شێخ جەنگی لە دژی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی وتی: لە گۆڕانەوە دەست پێ دەکەم، گۆڕان لە یەکێتی جیا بووەوە، ناکۆکی قووڵ لە نێوان یەکێتی و گۆڕان و پارتی درووست بوو، خۆشبەختانە نەگەیشتە شەڕی ناوخۆ، قسەکانی کاک لاهور بەرامبەر کاک بافڵ و کاک قوباد، زادەی کێشەکانی نێوانیانە، ئەگەر کێشەکانیان بە عەقڵانی چارەسەر نەکرێت، لێدوانی لەوە توندتریش لە دژی یەکتر دەدەن.

مەلا بەختیار باسی لە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم کرد و وتی: ڕێگای دووروو درێژ ماوە کە هەرێم بتوانێت لە ڕووی ستراتیژیەوە لە سەر کۆی کێشەکانی وەکوو ئابووری و سیاسی و دەستووری و تەعریبی نوێ بتوانێت ڕێک بکەوێت.

مەلا بەختیار فرە لیستی هێزە سیاسیەکانی بۆ هەڵبژرادنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە نا تەندرووست ناو دەبات و دەڵێت: بەڵێ فرە لیستی ئازادی و دیموکراسیە، بەڵام ٧٣ لیست نا تەندرووستە، ژماری لیستەکان هەتا ٢٠ لیسیتیش ئاساییە، بەڵام ئەو ڕێژە زۆرە، دەرخەری ناکۆکیی زۆرە لە ناو جوڵانەوە کوردییەکاندا، نازانرێت لە دوای هەڵبژاردن، ئەم لیستانە چۆن دەتوانن ببنە چاودێر بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە.

لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا مەلا بەختیار سەبارەت بە پرسی پارێزگاری کەرکووک وتی: ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی وایکردووە، لە ٪٨٠ پارێزگاری کەرکووک نەکەوێتە دەستی کورد، هۆکاری ئەوەیە کە کورد خاوەنی گوتارێکی یەکگرتوو نیە، پشکی پارێزگار، کەوتۆتە قوڕگی شێرەوە، وەها ئاڵۆز بووە، سودانیش ناتوانێت چارەسەری بکات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color