#بوار
شارەوانی سلێمانی تاپۆکردنی زەوییەکانی حەوت گوندی دیکە دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دیلمان لهتیف، سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان رایگهیاند، "پاش ئەوەی رێکارەکانی تاپۆکردنی باوەگێڵدی و سەردارئاوا و دارتوی نەزەر و کەنەکەوەی خان تەواوبون. خەریکە تاپۆکردنی مەلاداودیش بەرەو کۆتایی دەڕوات، ئێستا خەریکى تاپۆکردنی گوندهكانی کۆڵەبی، داربەڕوڵە، گوندی کانی پان، کانی سەفەر، کەڵەوانان، جێشانە و باڵچوخ لەم هەفتەیەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، بەپێی یاسای (ژمارە 3 ساڵی 2019 هەموارکراو).
ئاماژهی بهوهشكردووه، ئەو كهسانهی کە لە ماوەی یاساییدا داواکارییان پێشکەش بە پارێزگای سلێمانی کردووە با کۆپى (کارتی نیشتمانی) یان (رەگەزنامە و پێناس)ی خۆیان و هاوسەریان لە ماڵەوە ئامادەبکەن و چاوەڕوانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لیژنە لاوەکییەکانیان بکەن.
سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان وتیشی، "زۆرینەی هەرە زۆری ئەو خانوانە بە رێژەی 5%ی بەهای زەویی ژێر خانوەکە تاپۆ دەکرێت، واتا بە بەهای بینای خانوەکە ئەژمارى ناکەن".
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە مەرجەکانی تاپۆکردنیش ئەوەیە داواکار خاوەنی بینای خانوەکە بێت، بۆیە ئەگەر کەسێک لە پاش داواکاریکردن خانوەکەی فرۆشتبێ و لەکاتی سەردانی لیژنە لاوەکییەکان کڕیارەکە لە خانوەکەدا بێت ئەوا تاپۆکردنی خانوەکە رەت دەکرێتەوە، بۆیە مامەڵە بەو خانوانەوە نەکەن تا تاپۆ دەکرێت بەناوتانەوە".