# بوار
پەرلەمانتارێکى عێراق لە بازنەى کەرکوک پرسى ناهاوسەنگى دامەزراندنەکان لە نێوان پێکهاتەکانى شارەکەدا ئاڕاستەى سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانى بەغداى کرد بۆ چارەسەرکردن و پێداچوونەوە بە دامەزراندنەکاندا.
دیلان غەفور، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنى یەکێتی و نوێنەری کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە دوای بەدواداچوونیان بۆیان دەرکەوت ناهاوسەنگیی هەیەو جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک دەکرێت لە وەرگرتنیان لە پەیمانگای باڵای پەرەپێدانی ئاسایش و ئیداریی و کورد بێبەش دەکرێت.
وتیشى، بە نووسراوێک داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردوە کە ڕەچاوی هاوسەنگی بکرێت لە خولی 30هەمینی پەیمانگاکە، بە خۆشحاڵییەوە داواکەمانی بە هەند وەرگرت و ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی کردوە کە پێویستە هاوسەنگیی هەبێت لە دامەزراندن و هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز نەخرێت.
دیلان غەفور باسى لەوەشکردووە، زۆر سوپاسى خالید شوانی وەزیری دادی عێراق دەکات کە بەردەوام لەم دۆسیەیانەدا هاوکارییان دەکات، لە نزیکەوە چاودێریی ئەم پرسە دەکەن و بەدواداچوونیان بەردەوام دەبێت.