#بوار
بەمەستی کردنەوەی وێستگەی کارەبای ۳۲۰ مێگاواتی دوبز سێ جار کاتی سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کەرکوک دیاری کراوە، بەڵام هەڵوەشاوەتەوە.
بڕیار بوو سودانی لە سەرەتای مانگی ڕابردوو سەردانی کەرکوک بکات. بەڵام سەردانەکەی دواخرا بۆ سەرەتای ئەم هەفتەیە. پاشان دواخرا بۆ ئەمڕۆ ٨ی ئاب. بەڵام دواجار سودانی سەردانی کەرکوکی نەکرد و ئەمڕۆ ٨ی ئاب لە بەغداوە بە شێوەی ئۆنلاین و لە ڕێگای شاشەیەکی ئەلیکترۆنیەوە وێستگەی دوبزی کردەوە.
تا ئێستا ڕوون نییە سودانی بۆ سەردانەکانی کەرکوکی هەڵوەشاندووەتەوە و زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن وەک فشارێک دژی لایەنە براوەکانی کەرکوک سەردانی شارەکە نەکات بەهۆی ئەوەی پارێزگاری هەڵبژێردراو نییە پێشوازی لێ بکات.
وێستگەی کارەبای غازی دوبز ۳۲۰ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت لەلایەن کۆمپانیایەکی ئێرانیەوە بەر لە ساڵی ۲۰۱٤ دەستکرا بە دروستکردنی، بەڵام ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری بووەوە و کارەکانی دواکەوت.