#بوار بانکی تی بی ئای داواکاریەک ئاڕاستەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەکات تا کارئاسانی زیاتر بۆ هاوڵاتیان وگەشتیاران بکەن لە پێدانی دۆلار. بانکی تی بی ئای لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، داوا لە کۆمپانیاکانی بواری ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن هەژمار دروست بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لەو پەنجەرانەی دۆلار دەفرۆشرێت بە گەشتیاران بەشداربن. ئاماژەی بەوەشکردوە، داواکارییەکە سەرجەم کۆمپانیاکانی جۆری ئەی و بی دەگرێتەوە کە مۆڵەتی فەرمی بانکی ناوەندی عێراقیان هەیە. کۆمپانیاکانی جۆری ئەی ئەوانەن کە سەرمایەکەیان لە پێنج ملیار دینار کەمتر نەبێت و جۆری بی ئەوانەن کە سەرمایەکەیان لە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت. باس لەوەشکراوە، بانکەکە مۆڵەتی بە کۆمپانیاکان داوە حەواڵەی دراو بکەن بۆ دەرەوە و ناوخۆ، هاوکات ئامانج لەو بڕیارەش دڵنیابوونەوەیە لە گەیشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ گەشتیاران.