گرنگ

بۆ جاری دوەم "بەنج" لەنەخۆشخانەی ڕزگاری نامێنێت


 

بۆ جاری دوەم "بەنج" لەنەخۆشخانەی ڕزگاری نامێنێت

بوار نیوز، تایبەت
بۆ جاری دوەم و لەماوەی کەمتر لەچوار مانگداو بۆ جاری دوەم، دەرمانی "بەنج" لەنەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر نامێنێت، بەو هۆیەوە نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ژمارەیەکی "زۆر"ی هاوڵاتیان دوادەخرێت، بەڵام بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ڕەتیدەکاتەوە کێشەی "نەمانی بەنجیان" هەبێت.
لە 10ی نیسانی ئەمساڵ، لەنەخۆشخانە ڕزگاری هەولێر کە نەخۆشخانەیەکی حکومییە؛ بەنج نەما. دوای چوار مانگ و جارێکی دیکە، کێشەکە لەهەمان نەخۆشخانەدا سەری هەڵداوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست بوار نیوز کەوتوە، بەهۆی "نەمانی بەنج، لەهۆڵی نەشتەرگەی شەویلگەو دەم و دداندا، نەتواندراوە نەشتەگەری بۆ ئەو هاوڵاتیانە بکرێت، کە چەندین مانگ سەرەیان گرتبو، بەو هۆیەوە نەشتەرگەرییەکان نەکران و هاوڵاتیان نێردراونەتەوە ماڵەوە".
هەر بەپێی زانیارییەکان، کێشەی "نەمانی بەنج" لە نەخۆشخانەکە، کێشەیەکی بەردەوامە، بەڵام "هەمو جارێک بەشێوەیەکی کاتی لەلایەن ئیدارەی نەخۆشخانەکەوە چارەسەر دەکرێت، دواتر کێشەکە سەرهەڵدەداتەوە".
دکتۆر لاوه‌ند سه‌ردار میران، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاری له‌هه‌ولێر بۆ بوار نیوز، ڕه‌تیکرده‌وه‌ دەرمانی بەنج لەنەخۆشخانەکە نەمابێت، گوتی: "ئەو زانیاریانەی بەبوار نیوز دراوە ڕاست نییەو هیچ کێشەیەکی لەو جۆرە لەنەخۆشخانەکەماندا نییە".
به‌نج کردن؛ بریتییه‌ له‌کرداری‌ خه‌واندن و هه‌ستنه‌کردن به‌ئازار له‌گه‌ڵ خاوبونه‌وه‌ی‌ ماسولکوکانی‌ له‌ش. بهگشتی‌ دوو جۆر به‌نج هه‌یه‌، له‌وانه‌: به‌نجی‌ گشتیی‌ و به‌نجی‌ نیوه‌، به‌نجی‌ گشتیی‌ بریتییه‌ له‌خه‌واندنی‌ نه‌خۆش و به‌نجی‌ نیوه‌ به‌شێکی‌ له‌شی‌ نه‌خۆشه‌که‌ به‌نج ده‌کرێت واته‌ له‌ناوکی‌ بۆ خواره‌وه.
لەبارەی کێشەی نەخۆشخانەکە، بوار نیوز چەند جارێک پەیوەندی بەوتەبێژو بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر کرد، بەڵام بەبیانوی "سەرقاڵییەوە" ئامادە نەبون لێدوان بدەن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color