بوار وا بڕیارە سبەینێ دووشەممە، مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەستلەکارکێشانەوە و جێهێشتنی پۆستەکەی رابگەیەنێت. بەپێی زانیارییەکانی بوار کە لە سەرچاوەیەکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە بواری راگەیاند، بڕیارە سبەینێ دووشەممە ١٩ی ئاب، مامۆستا دڵشاد عومەر، بەهۆی هەڵنەوەشانەوەی فەرمانی دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شوێنی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ، دەستلەکارکێشانەوە و جێهێشتنی پۆستەکەی رابگەیەنێت. ئەو سەرچاوەیەی وتی "هەر لەسەر ئەو بابەتە و چەند بابەتێکی دیکەش پێشتر مامۆستا دڵشاد عومەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی دابووە وەزیری پەروەردە، بەڵام وەزیر پەسەندی نەکردبوو، بۆیە مامۆستا دڵشادیش بەنیازە رۆژی دووشەممە پۆستەکەی جێبهێڵێت". مانگی رابردوو مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە بواری راگەیاند، داوای کردووە فەرمانی پێدانی زەوی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ بە کۆمپانیایەکی نیشتەجێبوون هەڵبوەشێتەوە، ئەگەر نا رۆژی ٢٠ی ئاب دەست لە پۆستەکەی دەکێشێتەوە. دڵشاد عومەر ماوەی ٩ ساڵە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانییە. بۆ ئەو مەبەستە بوار چەند جارێک هەوڵیدا ڕای مامۆستا دڵشاد عومەر وەربگرێت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.