#بوار هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی کە پێکهاتووە لە گردبوونەوەی عەرەبی ڕاکان جبووری و حزبی سیادە بەشداری کۆبونەوەی سبەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ناکەن. بەپێی زانیاریەکانی بوار، فراکسیۆنی پارتی بڕیاریداوە بەشداری دانیشتنەکە نەکات و ئەندامانی ئەنجومەن و کادرەکانی لەکەرکوک ڕاسپاردووە لەو بارەیەوە لێدوان بۆ میدیای دەرەوەی پارتی نەدەن. هاوکات حزبی سیادە و بەرەی تورکمانی لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا ڕایانگەیاند ”بەشداری کۆبونەوەی سبەی ئەنجومەنی پارێزگا ناکەن. حزبی سیادە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی بە نایاسایی ناوبردووە”. بەرەی تورکمانی لەبەیاننامەکەیدا دەڵێت ”چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دادگا دەکات لەسەر دانیشتنی ئەنجومەن لە ئوتێل ڕەشید و تا ئەوکات بەشداری کۆبونەوە ناکەن”. فراکسیۆنەکانی پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی حەوت ئەندامیان هەیە و بەشداری ناکەن و ناتوانن نیسابی یاسایی بشکێنن و کۆبونەوەکە پەک بخەن. فراکسیۆنەکانی یەکێتی و بابلیۆن و قیادە و عروبە پێکەوە نۆ ئەندامیان هەیە و بەشداری کۆبونەوەی سبەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەن. بڕیارە سبەی شەممە، بەسەرۆکایەتی محەمەد حافز یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سازبکرێت دوای هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا.