گرنگ

 گرنگ

بوار بڕی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و ماف و ئیمتیازاتەكانیان ئاشكرا دەكات

2024-08-26

 

بوار، تایبەت دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمبڕیاریدا بە دامەزاراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست، بوار وردەكاری ئەو ماف و ئیمتیازاتانە بڵاودەكاتەوە كە لەدوای دامەزراندیان بە گرێبەست دەدرێتە ئەو مامۆستایانە هاوكات بڕی مووچەكانیان بەگوێرەی جۆری بڕوانامەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی بوار، بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە (10)ی ساڵی 2019، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، بڕگەی 13 كەتا ئێستە بەركارە لە هەرێمی كوردستان و كاری پێ دەكرێت، ماف و ئیمیتیازاتەكانی فەرمانبەرانی گرێبەست بە مامۆستایانەوە بەم جۆرە دیاریكراوە، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست كە بڕوانامەی دیلۆمیان هەیە مانگانە بڕی 400 هەزار دینار و ئەوانەشی كە بڕوانامەی بەكالۆریسی چوارسیاڵییان هەیە مووچەی مانگانەیان بڕی 500 هەزار دینار دەبێت. ئاماژە بەوەشكراوە، وەرگرتنی مۆڵەتی ئاسایی بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لە ساڵێكدا، وەرگرتنی مۆڵەتی نەخۆشی بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لە ساڵێكدا دەدرێتە مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست، هاوكات لە حاڵەتی پێویست بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكیی پەسندكراو بۆ ماوەی 15 ڕۆژ مۆڵەت دەدرێت لە ساڵێكدا، هەروەها بۆ مامۆستایانی ژن مۆڵەتی لەدایكبوونی منداڵ بۆ ماوەی 21 ڕۆژە بەمووچەوە و مۆڵەتی دوای لەدایكبوون بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بەمووچەوە پێیان دەدرێت. هەر لەو ڕێنماییانەدا ئەوەشهاتووە، دوای كۆتایهاتنی مۆڵەتی لەدایكبوون، دەكرێت ڕاستەوخۆ بۆ ماوەی دوو مانگ مۆڵەتی نیوە مووچە بدرێت بە مامۆستایەی كە منداڵی بووە، هەروەها لە ساڵێكیشدا دەتواندرێت مۆڵەتی بێ‌ مووچە بۆماوەی یەك مانگ بدرێت بە مامۆستایانی گرێبەست بە ژن و پیاوەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color