گرنگ

گۆڕان، یەکێتی تۆمەتبار دەکات بەبەکارهێنانی فەرمانگەی حکومەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن

2024-09-17

 
بزوتنەوەی گۆڕان، لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تۆمەتبار دەكات بەوەی كە فەرمانگەكانی حكومەتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكارهێناوە.

مەکۆی کفری بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا، یەکێتی تۆمەتبار کردووە کۆبونەوەی حزبی بۆ بانگەشەو کەمپەینی هەڵبژاردن لە نێو فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم ئەنجام داوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ڕۆژی ۱۲ی ئەیلول، کاندیدانی لیستی یەکێتی کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ ژمارەیەک لایەنگریان لە هۆڵ و بینای وەرزش و لاوانی کفری کە بەڕێوەبەرایەتی لاوانی گەرمیانی تێدایە بەکار هێناوە.

مەکۆی کفری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەداوە بە ئامادەبوونی کاندیدەکانی یەكێتی و بەرپرسی بازنەی یەکێتی لە کفری دام و دەزگا حکومیەکانی شارەکە بۆ بانگەشە بەکار دەهێنن. کە ئەمەش پێچەوانەی ڕێکارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و ڕێنمایەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی گەرمیانە.

یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، لە دوا هەڵبژاردن کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو پێکەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیەک بەشدار بوون لەهەڵبژاردن. بەڵام بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەریەکەو بەلیستێکی جیا بەشداری هەڵبژاردنی کردووە.
 
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color