بوار، تایبەت دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بەسەردانێك هاتە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بقەرپرسانی بالای هەرێم كۆبوویەوە، دەركەوت كە مەبەستی سەرەكی هاتنی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ واژۆكردنی ڕێككەوتنێك بووە بۆ ڕێگری لە هاتنی كۆچبەری نایاسایی بۆ بەریتانیا بۆ ئەومەبەستەش بەریتانیا 800 هەزار پاوەندبۆ پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەكخستنی تاوانە ڕێكخراوەكان خەرج دەكات. دەنگی ئەمەریكا بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە كە لەكاتێكدا ئامارە نوێیەكانی بەریتانیا دەریدەخەن كە كۆچی نایاسایی بۆ ئەو وڵاتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی حكومەتەكانی بۆریس جۆنسۆن و ڕیشی سوناك تۆماركردووە كە نزیكەی ملیۆنێك بووە، حكومەتی كێیەر ستارمەر لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنێك واژۆ دەكات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قاچاخچییەكانی مرۆڤ لە سەرانسەری ئەوروپا و هەروەها بۆ ڕێگریكردن لە كۆچبەرانی نایاسایی بۆ ناو وڵاتەكە. ئاماژەبەوەشكراوە، بە وتەی ئیڤێت كووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ڕێككەوتنەكە بە مانای هاوكارییەكی نزیكە لەگەڵ هەواڵگری و پۆلیسی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تۆڕەكانی تاوانە ڕێكخراوەكان و گەڕانەوەی خێراتری پەناخوازانی ڕەتكراو و پێكهێنانی دەستەیەكی نوێ بۆ بەڕێوبردنی ئەو ئەركانە دەبێت. ئەوەشخراوەتەڕوو، حكومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە بەم مەبەستە لانیكەم 800 هەزار پاوەند لە پارەی حكومەتی بەریتانیا بۆ ڕاهێنان و پاڵپشتی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەكخستنی تاوانە ڕێكخراوەكان خەرج دەكرێت. هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئەوەشهاتووە كە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندووە عێراق و هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەكان هەنگاو دەنێن و پابەندن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەكانی مافەكانی مرۆڤەوە، لەكاتێكدا باندی قاچاخچی هەیە بە بەلەمی بچووك لە ڕێڕەوە ئاوییە مەترسیدارەكانەوە خەڵك دەگوازنەوە و ئۆپەراسیۆنەكانیان لە باكوری فەرەنسا، ئەڵمانیا، سەرانسەری ئەوروپا، تا هەرێمی كوردستانی عێراق دەگەڕێتەوە.