#بوار له‌سه‌ر داواى سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، وابڕیاره سبه‌ى شه‌ممه كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فراوان له نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیره كورده‌كانى حكومه‌تى عێراق و سه‌رۆكى فراكسیۆنه كوردییه‌كان له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆببنه‌وه. بوار زانیویه‌تى، ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى 11ى 1ى 2025ى هه‌ولێر دواى ئه‌وه دێت كه سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى نێو كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له كۆبوونه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابردووى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه پێویسته له رێگه‌ى نوێنه‌رایه‌تى كورد له به‌غدا هیچى تر رێگه نه‌درێت نا حه‌قى به‌رامبه‌ر شایسته داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌ى مووچه‌خۆران هه‌رێمى كوردستان بكرێت. به‌پێى زانیارییه‌كان، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و وه‌زیره‌كانى پارتى و یه‌كێتیى له هه‌ردووك حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا و سه‌رجه‌م فراكسیۆنه كوردییه‌كانى به‌غدا به‌شدارى ده‌كه‌ن و له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌درێت كه چۆن له ساڵى 2025 مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت و ئه‌گه‌رى هه‌یه لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش، یاخود شاندێكى هاوبه‌ش پێكبهێنرێت. هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان، له كۆبوونه‌وه‌كه‌ى رابردووى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم بڕیاریش له‌سه‌ر ئه‌وه دراوه سه‌رجه‌م نوێنه‌رایه‌تى و كونسڵخانه‌ى وڵاتانى بیانى له هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى كێشه داراییه‌كانى نێوان عێراق و هه‌رێمى كوردستان ئاگاداربكرێنه‌وه.