گرنگ

ئەرین ئەحمەد: قەلە‌قی لە بەرزترین ئاستدا دەبێتە فۆبیا


 

چارەسەری دڵەڕاوکی چییە؟
ئەرین ئەحمەد: قەلە‌قی لە بەرزترین ئاستدا دەبێتە فۆبیا
بوارنیوز،هەولێر
قەلەقی یاخود دڵەڕاوکێ، جۆرێکە لە پەستانی دەرونی، زۆربەی خەڵک ئەم حاڵەتەیان توش دەىێت و ناوێکی دیاری ناو کۆمەڵگەیە، کە بەتایبەت گەنجان بە دەستییەوە دەناڵێنن.

د.ئەرین ئەحمەد، نوسەر وگەشەپێدەری مرۆیی باس لە قەلەقی دەکات دەڵێت" دڵەڕاوکێ (قەلەقی) واتە ھەست کردن بە نائارامی وەک ترس یان دوودڵی کە بەپێی ڕێژەکەی کاریگەری دروست دەکات لەسەر بیرکردنەوە و جەستە و تەنانەت بڕیارەکانیش، بوونی دڵەڕاوکێ ئاساییە گەر بە ڕێژەیەکی کەم بێت چونکە لەگەڵ ھەموو مرۆڤەکا، تەنھا ئەوەیە کە ڕێژەکەی لە کەسێک بۆ کەسێکی تر و تەمەنێک بۆ تەمەنێکی تر و ووڵات و شوێنێک بۆ ئەوی دی دەگۆڕێت، ئەوەی ئاسایی نیە ئەوەیە کە لە ڕێژەی پێویست زیاتر بوو دڵەڕاوکێ و کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی دروستکرد، کە ئەو ڕێژەی تێپەڕاند دەبێت بە فۆبیا یان ناڕێکی لە بیرکردنەوە و بڕیاردان، دڵەڕاوکێ بەرپەرچدانەوەیەکی ئاسایی لەشە بۆ دۆخە جیاوازەکان، پێشھاتەیەکە لەگەڵ کەمێک ترس بۆ ئەمجامدانی کارێک بۆ یەکەمجار، ئاشکرایە کە زیاتر لەوکەسانەدا ڕوودەدات کە ئەزموونێکی تۆکمەیان نیە لەو کارەی کە لە پێشیانە، یان زیاتر ئەو کەسانە تووشی دڵەڕاوکێ دەبن کە دەرئەنجامی کارەکانیان ڕوون نیە و دوودڵن کە دەبێت چ جۆرە دەرئەنجامێک ببێتە نسیبیان، لەلای زۆرێک ترس دڵەڕاوکێ دروست دەکات، جا ئەو ترسە لە ھەر شت و کەسێک بێت، کە لە ڕادەی ڕێز دەردەچێت و دەترسێت بە ھۆکاری ئەوەی شتێک لەدەست بدات، ھەندێک دڵەڕاوکێ لە قسەکردن بۆ کۆمەڵە کەسێک دێت یان کاتێک کەسێکی نوێ و جیاواز لە ڕەگەز و بیرکردنەوەی خۆی دەناسێت، لە بەرزترین ئاستی دڵەڕاوکێش دەیکات بە فۆبیا، کە ترسێکی لە ڕادەبەدەر و نەوێرانی تاقیکردنەوەیەتی.
ئەرین ئەحمەد گوتیشی" تاڕادەیەک سەلمێندراوە کە لەتەمەنەکانی مامناوەند زیاتر کاریگەرییەکان بە دیار دەکەون خێزان و کۆمەڵگە بڕیار لەوە دەدات،نەک ڕەگەز، تاچەند ئەو کەسە زاڵببێت بەسەر دڵەڕاوکێدا، ھەرچەندە زۆربەی سەرچاوەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئافرەت زیاتر توشی دڵەڕاوکێ دەبێت. ‎ نیشانەکانی دڵەڕاوکێ زۆرن، بەڵام گرنگترینیان ھەستکردن بە ماندووبوون، ئالۆزی لە بڕیاردان، لێدانی دڵ زیاد دەکات بەھۆی ترسەوە، ھەناسە سواری،عارەق کردنەوە، لەش لەرزین، ھەستکردن بە بێھێزی، لەدەستدانی تەرکیزکردن، کێشەدرووستبوون لە خەوتندا کێشەدروستبوون لە کۆئەندامی ھەرسدا، دووبارەکردنەوەی ھەندێک ڕەفتاری وەک نینۆک کرتاندن بەبێ ئاگایی، دەم ووشکبوون وسەرگێژبوون‎، قەلەقی کاریگەری خراپ لەسەر جەستە بەجێدەھێڵێت و گەر بەردەوامی پێبدرێت ئەوە دەیکات بە نەخۆشی درێژخایان، ئەمەلە بەشێکی مێشکدا ڕوودەدات کە کار لەسەر بابەتە سۆزدارییەکان دەکات، لە کاتی دڵەڕاوکێدا مێشک بە شێوەیەکی بەردەوام تەزوو دەنێرێت بۆ بەشەکانی لەش بۆ خۆ ئامادەکردن یان خۆ دەربازکردن لەو دۆخە، لەو کاتەدا لەش ھۆرمۆنێک دەڕژێت کە پێی دەوترێت ھۆرمۆنی فشار، ھەندێک کاریگەری تر دروستدەکات لەسەر پەستانی خوێن و دڵ و سییەکان بەھۆی لێدانی دڵ بە خێرایی و ھەناسەدانی زیاتر لە حاڵەتی ئاسایی، کاریگەری دروست دەکات لەسەر سیستەمی بەرگری لەش و دژەتەنی لەش لاواز دەکات، کاریگەری لەسەر گەدە دروست دەکات چونکە سیستەمی ھەرسکردن تێکدەدات و ئەو خواردن و خواردنەوانەی کە دەخورێن و دەخورێنەوە لەش بەپێی پێویست ھەرسیان ناکات و سوودیان لێنابینێت، بڕیارەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و خاوەن بڕیاری خۆی نابێت ئەو کەس، کێشی لەش زیاد دەکات چونکە بەپێی پێویست خواردن ھەرس نابێت، دواتر ھەندێ نەخۆشی لەبیرچوونەوەش تووشی کەسەکە دەبێت.
ئەم گەشەپێدەری مرۆییە بۆ چارەسەری قەلەقی دەڵێت" لە باشترین چارەسەرەکان ئەوەیە کە ھێندە بابەتەکان بە دڵ نەگیرێت و ھەموو شت بە شێوەیەکی دژوار وەرنەگیرێت، سوپاسگوزاربوون و قبوڵکردنی دۆخەکان دڵەڕاوکێ کەم دەکاتەوە، هەندێ کات بۆ خۆت تەرخان بکە و لەگەڵ خێزان و ھاوڕێیانت چێژ لە ساتە خۆشەکان وەربگرە، لە ڕابردوودا مەژی چونکە تۆ لە ئێستادایت و داھاتووت لە پێشە، خواردن و خەوتنت ڕێک بکەرەوە، لەشێکی تەندروست ھاوکارە بۆ مێشکێکی تەندروست و بیرکردنەوەیەکی تەندروست، وەرزش بکە، تاوەکو دەتوانیت کافایین کەم بکەرەوە لەگەڵ مادە کھولییەکان ،بزانە ھاوڕێیانت کێن، کەسانی گەشبین لە خۆت کۆبکەرەوە و کەسانی ڕەشبین لە ژیانت دەربکە، ھەر ڕێگایەکی تر کە دڵخۆشت دەکات، بەمەرجێک کاریگەری خراپ لەسەر مێشک و جەستەت دروست نەکات و زیان بە خۆت و چواردەورەکەت نەگەیەنێت.

 

 

 

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color