گرنگ

خانمان زیاتر توشی فۆبیا دەبن


 

بوارنیوز،هەولێر
فۆبیا، ناوێکی دیاری ناو دەروناسیی و نەخۆشییە دەرونییەکانە، بەشێک لەخەڵک بە دەستییەوە دەناڵێنن، فۆبیا ترسێکی لەڕادەبەدەرە بەرامبەر دۆخێک یان شتێک، بۆ چارەسەر وەرگرتن پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆر بکرێت.
نەسرەو مستەفا، دکتۆرا لەپزیشکی دەرونی و نەخۆشیە دەرونیەکان، بۆ وەڵامی پرسیاری فۆبیا چییە دەڵێت "بریتییە لە بونی ترسێکی لەڕاددە بەدەر لەشتێک، شوێنیک یان چالاکییەک، ئەم ترسە زۆرەو ناواقیعیە دەبێتە هۆی دورکەوتنەوە لە شت و شوێنەکە، نمونەیەک بۆ فۆبیای شت ترسانە لەزیندەورێک، بۆ نمونە سیسرک یان مارمێلکە، بۆ شوێن و چالاکیش، وەکو ترس و زەندەق چون لە شوێنی داخراو، یان زۆر بەرز، یان فۆبیای کۆمەڵاتەتی، زۆر کەس بە دەستییەوە دەناڵێنن، ئاشکرایە لە هەمو جیهان فۆبیا ڕێژەیەکی زۆری نەخۆشانی دەرونی پێکدەهێنێت، واتە نەخۆشییەکی دەرونی باوە".
ئەم پزیشکی دەرونییە گوتیشی" بەشێوەیەکی گشتی فۆبیا لەڕەگەزی مێ زۆرترە، هۆکارەکانی توش بون بە فۆبیا هۆکاری بۆماوەیی یەکێکە لە هۆکارەکان، یاخود ڕەنگە ڕوداوێک یان دوچاربونی شتێک گرێدراو بە ترس لە ڕابردو ڕوی دابێ، بۆ نمونە کەسێک کە هەندێجار بەشێوەیەکی ترسناک و لەکاتێکی ناجۆر دوچاری شتێک بوبێ، ڕەنگە ئەم گرێدرانە درێژە بکێشێ و تۆقین لە شتەکە پەیدا بکات، بەشێوەیەکی گشتی سێ جۆر فۆبیا هەیە، فۆبیای کۆمەڵایەتی، کە بەهەبونی ترسێکی زۆر لە هەڵوێستە کۆمەلایەتیەکان دەناسرێتەوە، ترس لە هەڵوێست و هەل و مەرجە تایبەتەکان، بۆ نمونە ترسان لەشوێنە کراوەکان یان داخراوەکان، شوێنی بەرز، دور لە ماڵ، یاخود فۆبیای تایبەتی کە ترسانە لەشتێکی دیاریکراو بۆنمونە، مارو زیندەوەری تر.
نەسرەو مستەفا باس لە چارەسەری فۆبیا دەکات دەڵێت "چارەسەرکردنی نەخۆشیەکە؛ یەکەم هەنگاو دەستنیشان کردنێکی باشە لەلایەن پزیشکی دەرونی، چارەسەری ڕەفتاری، لەلایەن چارەسەرکاری دەرونی سودی زۆرە، ئەوە کاتی دەوێت، یەکەم هەنگاو دکتۆری دەرونی دای دەڕێژێت، هەندێجار هەندێ دەرمانی هێورکەرەوە ڕەنگە بدرێت بە کەسەکە لەلایەن دکتۆرەوە بۆ زاڵبون بەسەر یان کەم کردنەوەی دڵەڕاوکێی هاوەڵ بە ترسەکە، زۆر جار زیاتر لە جەلسەیەک پێویستە بۆ چاکبونەوە لە حاڵەتەکە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color