گرنگ

داهاتی مەرزی پەروێزخان 65 ـ 70٪ کەمی کردوە


 

بوارنیوز، گەرمیان
بەهۆی وەرگرتنی زۆری باجی گومرگی لەلایەن حکومەتی هەرێم و گواستنەوەی کارکردنی بازرگانانی کورد بۆ دەروازە سنورییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی، داهات لەمەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان کەمی کردوەو زانیارییەکی فەرمی ئاشکرای دەکات، ڕێژەی 65 ـ 70 ٪ داهات کەمیکردوەو شۆفێرانیش دەڵێن کاری ئێمەش کەم بوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییە فەرمییانەی دەست بوار بوارنیوز کەوتوە، داهاتی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان لەمانگەکانی 4،5،6،7ی ئەمساڵ بەراورد بە3 مانگی یەکەمی سەرەتایی ساڵ، بەڕێژی 65 تا 70 % کەمی کردوەو کارکردن تێیدا لاواز بوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە بازرگانان بۆ کارکردن ڕویان لە دەروازەکانی حکومەتی ناوەند کردوە.
حسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گومرکی گەرمیان، بەبوارنیوزی وت: هۆکاری کەمبونەوەی داهات لەمەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی پێناسەی گومرکی وەک خۆی، کە سیستەمێکەو بۆ هەمو دەروازە سنورییەکانی حکومەتی عێراق دانراوە، بێ کەم و زیاد.
وتیشی : دەروازە سنورییەکانی حکومەتی هەرێم، پێناسەی گومرکی وەک خۆی جێبەجێ دەکات و گومرکی هەموو کاڵا و شتومەکەکان وەک خۆی دەکات، بەڵام دەوازە سنورییەکانی سنوری حکومەتی ناوەند سیستەمی گومرکی جێبەجێی ناکەن و هەرکەسێک بە ئارەزوی خۆی کارە دەکات و ئەمەش وای کردوە، بازرگانانی سنوری هەرێم بۆ کارکردن ڕو لەو دەروازانە بکەن بۆ کارکردن.
جوامێر حەسەن، نوێنەری بەشێک لە شوفێرانی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لەبارەی کەمکردنەوەی کارکردنیان، بۆ بوارنیوز قسەی کردو وتی: ماوەی پێنج مانگ دەبێت، کارکردنمان زۆر لاواز بوە، بەشێوەیەک پێشوتر لە هەفتەیەکدا 3 بارمان دەست دەکەوت، بەڵام ئێستا لە هەفتەیەکدا 1 بار دەبەین و ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە بازرگانان ڕویان لە دەروازەکانی سەر بەحکومەتی ناوەندی کردوە.
لوقمان حاجی مەحمود، بازرگان، بە بوارنیوزی وت ”بەهۆی وەرگرتنی گومرکی زۆر، بەشێکی زۆر لە بازرگانە کوردەکان باری شتومەکەکانیان لە مەرزی مونزریە یان سۆمارو شەرمچەی سەر بەحکومەتی ناوەندی دەهێننە هەرێمی کوردستان و گومرگی زۆریشیان لێ وەرناگیرێت و جیاوازییەکی زۆریش هەیە.
ئەو بازرگانە وردەکاری زیاتری خستەڕو و وتی: ئەگەر بارێکی 25 تەنی، لە دەروازەی شەمچەرەوە بهێنمە ناو خاکی کوردستان، یەک ملیون و نۆسەد هەزار دینار گومرک دەدەم، بەڵام ئەگەر هەمان بار، لە پەروێزخانەوە بهێنمەوە کوردستان چوار ملیۆن دینارم وەک گومرک لێ وەردەگرن. بۆیە ئەم جیاوازییە زۆرە بوەتە هۆی ئەوەی بۆ کاری بازرگانی ڕو لە دەروازەکانی سەر بەحکومەتی ناوەند بکرێت، چەند جارێکیش داوامان لەبەرپرسانی دەروازەی پەروێزخان و گومرکی گەرمیان کردوە، کێشەی زۆری گومرک وەرگرتن چارەسەر بکەن، بەڵام سودی نەبوە.

بوار نیوز، پەیوەندی کرد، بەعەباس ئیسماعیل، وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بۆ وەرگرتنی ڕێژەی داهات 4 مانگی ڕابردو، بەڵام ناوبراو ‌ئامادە نەبو، هیچ شتێک لەوبارەوە بڵێت

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color