گرنگ

سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە لەپارێزگای سلێمانی: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزینە


 

بوارنیوز، سلێمانی
ئەمڕۆ جارێكی دیكە نرخی بەنزین 25 دیناری دیكەی چوە سەرو بەنزینی سوپەر گەیشتووەتە 975 دینارو پلان هەیە تا سەرەتای مانگی داهاتو نرخی بەنزینی نۆرماڵیش هەزار دینار تێبپەڕێنێت، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەهۆكاری پیشت بەرز بونەوەی نرخی بەنزین دەزانێت و دەڵێت وەزارەتی سامانەسروشتیەكان لەبری ئەوەی ئاسانكاری بكات بۆ هاوردەكردنی بەنزین ڕێنمایی توند دەردەكات بۆ ئەوەی نرخی بەنزین لە سودی چەند كۆمپانیایەك زیاتر بەرز ببێتەوە.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە بوار نیوزی ڕاگەیاند: ئێمە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچونی وردمان لەسەر هۆكارەكانی پشت بەرزبونەوەی بەردەوام و پلان بۆدانراوی نرخی بەنزین كردوە بۆمان دەركەوتوە هۆكاری سەرەكی پشت ئەم بابەتە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەو تا ئێستاش ئەو بابەتە هیچ پلانێكی بۆ دانەنراوە بە مەبەستی چارەسەر كردنی بەڵكو بەكراوەیی ماوەتەوە، هەر ئەمەش وادەكات تا كۆتایی ئەم مانگە نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ هەزار دینار تێپەڕێنێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر (ڕەسیدی) كڕین و دابینكردنی سوتەمەنی لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بو، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بە بڕیارێك ئەو دەستەڵاتەی گەڕاندەوە بۆخۆی، دواتر ئێمە بە نوسراوی فەرمی داوامان لە وەزارەتی سامانەسروشتییەكان كردوە باج لەسەر كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی بەنزین هەڵبگرێت و ئەو بارهەڵگرانەی دێنە هەرێمی كوردستان بە 12 ڕێگای جۆراوجۆر پارەیان لێوەردەگیرێت (ئیستیسنا) جیاكاری بكرێت بۆ تانكەرەكانی هاوردەكردنی بەنزین ئەو پارانەیان لێوەرنەگیرێت، بەڵام لە وەڵامی نوسراوەكەی ئێمە حكومەت بارگرانی زیاتری خستوەتە سەر ئەو تانكەرانە.

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستەڕو پێشتر لەكاتی هاتنی هەر تانكەرێك لەڕیگەی مەرزی باشماخەوە بڕی 10 دۆلار لە هەر تانكەرێك وەردەگیرا بە ناوی گەراجەوە، بەڵام لەنوێترین بڕیاردا ئێستا ئەو پارەیە زیادكراوە بۆ 25 دۆلار، لەكاتێكدا ئەو زەوییەی بەناوی گەراجەوە دیاركراوە زەوی شارەوانییەو دەكەوێتە نزیك ناحیەی عەربەت و تانكەرەكان دەچن لەوێ‌ بڕی 25 دۆلار دەدەن بە بێ‌ ئەوەی بوەستن لەمەرزی باشماخیش پێیان دەوترێت ئەگەر نەچن ئەو 25 دۆلارە بدەن بارەكانیان لێوەرناگیرێت كە وەك سەرانەیە و پارەكەشی بۆ كەسانی باڵای حزبی دەچێت كە ئێمە ناو و وردەكاری هەمو كەس و كۆمپانیاكانمان لایە.

كەریم عەلی، لە بوارنیوزەوە جەختی لەوە كردەوە، ئێمە ناوی هەمو ئەو كۆمپانیانەمان لایە كە بەناوی جۆراو جۆرەوە سەرانە لە شۆفێرانی گواستنەوەی سوتەمەنی وەردەگرن بۆیە لە ڕاگەیاندین ناوەكانیان ناخەینەڕو بۆ ئەوەی نەیكەنە بابەتێكی یاسایی و تۆماركردنی سكاڵاو مەشغوڵكردنمان بەو بابەتەوە، ئەگەر لایەنێكی فەرمی حكومەت بێتە پێشەوە من ئامادەم هەمو وردەكارییەكیان بە بەڵگەوە بخەمە بەردەست.

وتەكانی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كاتێكدایە ئەمڕۆ نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە 800 دینارەوە بۆ 825 دینار بەرزبویەوە نرخی لیترێك بەنزینی موحەسنیش لە نێوان 850 بۆ 875 دیناردایە و بەنزینی سوپەریش بە 975 دینار دەفرۆشرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color