گرنگ

نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبەغدا: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نوسراوی ناردنی 200 ملیاردینارەكەی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی كرد


 

بوارنیوز، سلێمانی
نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا ئاشكرایكرد ئەنجومەنی وەزیران بۆ ناردنی 200 ملیار دینارەکەی هەرێم بۆ ئەم مانگە ڕەزامەندی دەربڕیوەو نوسراویشی ئاراستەی وەزارەتی دارایی كردوە بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بخاتە سەر حسابی بانكی هەرێم، جەختیش دەكاتەوە پێش دەستكردن بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەو 200 ملیارە دەگاتە هەرێم.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەری حكومەتی هەرێم تایبەت بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نوسراوی ڕەزامەندی خەرجكردنی بڕی 200 ملیار دیناری ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق كردوە بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر ژمارە حسابی بانكی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی ماوە پێداچونەوەیە بە نوسراوەكەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بە ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییەكاندا بڕوات و پاشان هاوشێوەی مانگی پێشو لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق ئەو پارەیە بخرێتە سەر ژمارە حسابی بانكی هەرێم.

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا جەختی لەوەشكردەوە، بە دڵنیاییەوە ئەو پارەیە لەم چەند ڕۆژەدا دەگاتە هەرێمی كوردستان و بە تایبەت پێش دەستكردن بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەو پارەیە دەخرێتە سەر ژمارە حسابی بانكی هەرێم.

ڕۆژی 15/6/2021 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی خۆیدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا مانگانە 200 ملیار دیناری بەشێوەی سولفە ڕەوانەی هەرێم بكات تا ئەوكاتەی وردبینی لە داهاتە نەوتی و نا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت.
رۆژی 11/7/2021 بڕی 200 ملیار دینار خرایە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان و مانگی پێشوش موچە بە بێ‌ لێبڕین دابەشكرا.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color