گرنگ

سەرکردەیەکی بزوتنەوەی ئیسلامی پیرۆزبایی رزگار کردنی ئەفغانستان لە تاڵیبان دەکات


 

بوار نیوز، تایبەت
بەرپرسی پێشوی پەیوەندییەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی، پیرۆزبایی سەرکەوتن لە بزوتنەوەی تاڵیبان دەکات و دەڵێت: دڵم خۆشە بە رزگار کردنی ئەفغانستان.

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، کوڕی رابەری پێشوی بزوتنەوەی ئیسلامیی و بەپرسی پێشوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ئەوحزبە بە بوارنیوزی راگەیاند: ئەمڕۆ ئێوارە بەرواری 15 / 8 / 2021 لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا قسەم کرد لەگەڵ ژبیح الله مجاهدو سەرکردەی دیاری بزوتنەوەی تاڵیبان، پیرۆزبایی سەرکەوتن و ڕزگارکردنی ئەفغانستانم ئاراستە کردون و دڵخۆشی و پەرۆشی خۆمان و سەرکردایەتی بزوتنەوەکەم بە بزوتنەوەی تاڵیبان گەیاندوە.

وتیشی: سەرکردەکەی تاڵیبان پێی گوتوم خۆشەویستی زۆرمان بۆ مسوڵمانانی کوردستان و تەواوی سەرکردە و ئەندامانی بزوتنەوەی ئیسلامی هەیە، پێشتریش رابەرانی بزوتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ مەلا عومەر محمد رابەری بزوتنەوەی تاڵیبان پەیوەندیەکی تۆکمەیان هەبوە.

بەرپرسی پێشوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی بزوتنەوە ئاشکراشیکرد: حاجی تەحسینی برام کاتی خۆی کۆبونەوەی تایبەتی لەگەڵ مەلا عومەر محمد کردوەو زۆریشی خۆشویستوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان ئیحسان عەلی وتی: پەیوەندی ئێمە لەگەڵ تاڵیبان لەسەر بنەمای مسوڵمانێتی و جیهادو تێکۆشان بوەو ئێستا خۆشەویستیمان بۆ سەرکەوتنەکەی تاڵیبان هەیە.
ناوبراو ئەوەشی بە بوار نیوز گوت: لە ساڵی ۱۹٨۹ لەگەڵ باوکم سەردانی ئەفغانستانم کردوەو جلی کوردیم بە دیاری بۆ یەکێک لە سەرکردەکانی تاڵیبان بردبو، بۆیە سەرکردایەتی بزوتنەوەی تاڵیبان بنەماڵەکەی ئێمە باش دەناسن و بزوتنەوەی ئیسلامیش جێی ئیعتیبارە لای ئەوان.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color