اهم

نەتانیاهۆ چۆن نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت؟

2026-02-23

 

ئیسرائیل هاوپەیمانێتییەکی "شەش لایەنە" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا پێكدەهێنێت

نەتانیاهۆ بە هاوبەشی لەگەڵ هیندستان و چەند وڵاتێکی عەرەبی، پلان بۆ گەمارۆدانێکی ستراتیژیی فرەڕەهەندی تاران و هێزە بریکارەکانی دادەڕێژێت.

لە پێشهاتەیەکی ستراتیژیی نوێدا، ڕەنگە نەخشەی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریی ڕیشەیی تێدا بکات، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پلانێکی فراوانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی "شەش لایەنە" ڕاگەیاند، کە ئامانجی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران و کۆتاییهێنانە بە کاریگەریی هێزە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.

بەپێی لێدوانەکانی نەتانیاهۆ لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل، ئەم سیستەمە نوێیە تەنها لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەتیس نابێت، بەڵکو وڵاتانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپاش دەگرێتەوە.

بە گوێرەى زانیارییەکان، پایە سەرەکییەکانی ئەم هاوپەیمانێتییە بریتین لە هیندستان، یۆنان، قوبرس، لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی کە تا ئێستا ناوەکانیان بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ئەم بەرە نوێیە، وەستانەوەیە لە دژی دوو جەمسەری مەترسیدار: یەکەمیان ئەوەی بە "تەوەری شیعەی توندڕەو" ناوی دەبات، کە مەبەست لێی ئێران و ئەو گروپە چەکدارانەیە، کە لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن لە بەرژەوەندیی تاران کاردەکەن، دووەمیشیان ئەوەیە، بە "تەوەری سوننەی توندڕەوی سەرهەڵداو" وەسفی کردووە.

ڕاگەیاندنی ئەم پلانە هاوکاتە لەگەڵ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بۆ تەلئەبیب، کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجام بدرێت، هیندستان کە بە یەکێک لە گەورەترین کڕیارانی چەکی ئیسرائیلی دادەنرێت و ساڵانە بە بەهای نزیکەی یەک ملیار دۆلار مامەڵەی سەربازیی لەگەڵدا هەیە، ڕۆڵێکی گەورەى لەم هاوکێشە نوێیەدا دەگێڕێت.

بڕیارە مۆدی لەم سەردانەیدا وتارێکی مێژوویی لە پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) پێشکەش بکات، کە بەپێی زانیارییەکان، ئیسرائیل دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە، گەمارۆیەکی فرەڕەهەند بخاتە سەر تاران، هەروەها هاوکارییەکانی ناو ئەم "شەشینەیە" تەنها لە بواری سەربازی و ئەمنیدا چڕ نابنەوە، بەڵکو هەماهەنگیی قووڵی ئابووری، دیپلۆماسی و ئاڵوگۆڕی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، لەوانەش ژیریی دەستکرد (AI) و ئاسایشی ئەلیکترۆنی لەخۆدەگرێت.

ئەم هەنگاوەی تەلئەبیب پەیامێکی ڕوونە، کە قۆناغی داهاتووی ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ ئێران، لە ڕێگەی دروستکردنی بەرەیەکی جیهانی و هەرێمیی تۆکمەوە دەبێت، بە ئامانجی لاوازکردنی یەکجارەکیی پێگەی تاران و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی هەژموونەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

أنشرها
  • theme deafult color