وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەبەوەدەكات، لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی ئەڵمانیا و چین و بەڕازیل گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ كردنەوەی هێڵی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە عێراق، ئەو ئۆتۆمبێلانەشی بەرهەم دەهێندرێن بە غازی سروشتی كاردەكەن و بە قیست بۆ هاوڵاتییان بەردەست دەبن. محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق وتی، پڕۆژەی كردنەوەی هێڵەكانی كۆكردنەوەی ئۆتۆمبێلی جیهانی لە عێراق بەپێی رێكارە تەكنیكی و رێكخراوەییەكان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان بەردەوامە. ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆژەكە هەنگاوێكە بەرەو دروشمی "دروستكراوی عێراق" و ئامانجی دامەزراندنی كرێكاری ناوخۆیی و دابینكردنی ئۆتۆمبێلی ئابووری و ژینگەدۆستانەیە. ئەوەشی باسكردووە، شوێنی تایبەت بۆ پڕۆژەكە لە باشووری بەغدا و ناوچەكانی دیكەی وڵات ئامادە كراوە و وتیشی پڕۆژەكە چەندین ئامانج بەدەست دەهێنێت، دیارترینیان دامەزراندنی لانیكەم ٥٠٪ـی هێزی كاری عێراق و پەرەپێدانی پیشەسازی نیشتیمانی و ئەگەری هەناردەكردنی بەشێك لە بەرهەمەكە ئەگەر بڕی پێویست لەبەردەستدا بێت بۆ ئەوەی بازاڕی ناوخۆیی تێربكات. روونیشیكردەوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە عێراق كۆدەكرێنەوە پێشكەوتوو دەبن، لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە، ژینگەدۆست دەبن، بە غاز كاردەكەن وەك بەدیلێك بۆ بەنزین هەروەها ئابووریش دەبن، رێگە بە هاوڵاتیانی كەم دەرامەت دەدات بە قیست و سوودێكی زۆر كەم بیانكڕن.