گرنگ

وڵاتانى کەنداو دەچنە بەرەى ئێران وڵاتە عەرەبییەکان شەڕ لە دژى ئیسرائیل بەرپا دەکەن؟

2025-09-13

 
ڕۆژنامەی هائەتەرزى ئیسرائیلی هۆشداریداوە لە کاردانەوەی ئەو هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، کە پێگەیەکی حەماسی کردە ئامانج و هێرشەکەشى بە هێرشێکى شکستخواردوو وەسف کردووە. بە گوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەکە، کاریگەرییەکانی ئەو هێرشە بۆ سەر دۆحە دەکرێت دەوڵەتانی کەنداو بەرەو "هاوپەیمانی و ئاشتەوایی" لەگەڵ ئێران ببات. هەر بە گوێرەى راپۆرتەکە، دەوڵەتانی کەنداو، کە تا ئەم دواییانە هاوپەیمانییەکی دژە ئێرانیان پێکهێنابوو، ئێستا لە ڕێگەی کۆبوونەوەکان بۆ تاوتوێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بە هەڵوێستەکانیاندا دەچنەوە و جەختیشی لەوە کردەوە، "دەوڵەتانی کەنداو پێیان وایە بێتوانایی ئەمریکا لە پاراستنیان ناچاریان دەکات ڕێوشوێنی نوێ بگرنەبەر". ڕۆژنامەکە باسى لەوەش کردووە، ئەگەر سەرکردەکانی کەنداو ڕێکبکەون، کە ئەمریکا لە هیچ هێرشێکی ئیسرائیل نایانپارێزێت، هاوپەیمانی دژە ئێران بە خێرایی دەگۆڕێت بۆ هاوپەیمانییەکی دژە ئیسرائیل. رۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، ئیسرائیل ئێستا نەک تەنها ئێران، بەڵکو هێرش دەکاتە سەر دەوڵەتانی کەنداو و ناوچەکە، ئەمەش هەنگاوەکانى ئەو وڵاتانە خێراتر دەکات، بۆ ئەوەى رێکار لە دژ تەلئەبیب بگرنە بەر. ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوەش کردووەتەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل "قەتەر و وڵاتانی کەنداو لە هاوپەیمانییەک لەگەڵ ئێران نزیک دەکاتەوە، کە ئەمەش وادەکات ئەمەریکا و ئیسرائیل بەم نزیکانە پەشیمان ببنەوە، هەروەها هۆشداریشیدا لەوەی ئەمریکا ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە نەدۆزێتەوە، هاوپەیمانەکانی کەنداو لەدەست دەدات. پێشتر ڕۆژنامە ئەمریکییەکان باسیان لەوە کردبوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا "هەوڵدەدات" بۆ دوورخستنەوەی وڵاتەکەى لە بەرپرسیارێتی هێرشەکە، پێشبینیش دەکەن هەڕەشەکانی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ دەستپێکردنی هێرشی زیاتر بۆ سەر قەتەر ببێتە هۆی ناجێگیری، پەیوەندییەکانی کەنداو لەگەڵ واشنتۆن، ئەگەر بێت و ئەمریکا هەر بێدەنگ بێت. سێشەممەى رابردوو ئیسرائیل کۆبوونەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسى لە دەوحە کردە ئامانج و لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەستدا، کە کوڕی خەلیل حەیای سەرکردەى دیاری حەماس و چوار لە ئەندامانى شاندەکە و ئەندامێکى ئاسایشی ناوخۆی قەتەرى تێدا بوو.
 
 
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color