گرنگ

مانگێك بەسەر دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید تێپەڕی

2025-09-13

 

شەوی رابردوو 12ی ئەیلول، مانگێك بەسەر دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تێپەڕی كە دواتر سزای پێنج مانگ زیندانییكردنی بەسەردا سەپێنرا. شەوی 10ی ئاب، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند ئەگەر لەماوەی هەفتەیەكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان كێشەی مووچە لەگەڵ حكومەتی عێراق چارەسەر نەكات، ئەوا نەوەی نوێ هەڵوێستێكی گرنگ و كاریگەر رادەگەیەنێت، بەڵام دوای دوو رۆژ، شەوی 12ی ئاب، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لەنێو ماڵەكەی خۆی لە گوندی ئەڵمانی لە شاری سلێمانی دەستگیركرا و دوای سێ دانیشتنی دادگاش، دادگا بڕیاریدا لەسەر سكاڵای شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ و بەپێی ماددەی 431 و بە تۆمەتی هەڕەشەكردن، رۆژی 2ی ئەم مانگە سزای پێنج مانگ بەندكردنی بەسەردا سەپێنرا. هەر لەسەرەتای دەستگیركردنەكەیەوە بەرپرسانی نەوەی نوێ رایانگەیاند، دەستگیركردنی سەرۆكەكەیان پەیوەندی بە ململانێی سیاسییەوە هەیە، بەو پێیەی ئەوان گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنن لە كوردستان و خاوەنی 15 كورسی پەرلەمانی كوردستان و دەڵێن، شاسوار عەبدولواحید لەسەر داواكردنی "مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان" دەستگیركراوە، بەڵام بەرپرسانی دادگای سلێمانیش ئەو بۆچوونەیان رەتكردەوە و دەڵێن، دەستگیركردنەكەی یاساییە و بە تاوانی هەڕەشەكردن بووە لە پەرلەمانتارێكی پێشووی خۆی. شاسوار عەبدولواحید كە ئێستا لە زیندانی چاكسازی گەورانی سلێمانییە، بەپێی زانیارییەكانی بوار، لە ژوورێكی تایبەت دانراوە و پێداویستی تەواو بۆ دابینكراوە، بەو پێیەی كەسایەتییەكەی سیاسی و خاوەن پێگەیە و مامەڵەی تایبەتی لەگەڵدا دەكرێت، لە رۆژانی رابردووشدا شاسوار عەبدولواحید، پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوای لە ئەندام و لایەنگرانی نەوەی نوێ كرد، لە جاران گەرم و گوڕتر بن لە كارەكانیان.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color