ڕێكخەری سەنتەری میترۆ ئاماژە بەوەدەكات بڕیاری قەدەغەكردنی روماڵی تاوانەكان، چاڵی بێ متمانەی نێوان هاووڵاتیان و حكومەت گەورەتر دەكات، چونكە لە شاشەی میدیاكانی دەسەڵاتەوە، رەواج بەكوشتن دەدرێت و بكوژ دەكرێت بە پاڵەوان، چونكە هەر خۆیانن دیدار لەگەڵ تۆمەتبار دەكەن. ڕەحمان غەریب، ڕێكخەری سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند: لە شاشەی میدیاكانی دەسەڵاتەوە، رەواج بە خوێن و كوشتن دەدرێت و بكوژ دەكرێت بە پاڵەوان، هەر خۆیانن دیدار لەگەڵ تۆمەتبار دەكەن، ورد ورد لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەكەی قسەدەكات، وێنە یان ڤیدیۆی تۆماركراوی كامێرای چاودێری دەخرێتە خزمەت، تا بە تەواوی ببێتە فیلمێكی ئەكشن. ئاماژەی بەوەشكردووە، تەنها پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی دەسەڵاتە هاوڕێیەتی دەزگا ئەمنییەكان دەكات، كاتێك هەڵدەكوتنە سەر تۆمەتباران، هەر زوومی كامێرای ئەوە، چیرۆكی پاڵەوانی هێزەكانمان پیشاندەدات، هەر ئەویشە وێنەی كوژاو، جەستەی سوتاو، سوكایەتی بەدیل، ددانپیانانی تۆمەتبار بڵاودەكاتەوە، مافی تۆمەتبار پێشێل دەكەن، خۆیان دەكەنە جێی دادگا و دادوەر، دەبوو لەسەر ئەم مەهزەلەیە گشتاندن هەبوایە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، گشتاندنی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی نەدەویست، هەر میدیاكانی خۆتانە، باز بەسەر پرەنسیپی پاراستنی لێكۆڵینەوە دەدات، شكۆمەندی یاسا و دادگاكان و تایبەتمەندی تۆمەتبارو خێزانەكانیان دەشكێنێت، هەر ئەوانن كەیفیان بە هەواڵی كوشتن دێ، بە تایبەتیش كاتێك لە چوارچێوەی شەڕی زۆندایە، ئیتر بە ترش و خوێكردنی بە سیاسەتەوە داهێنان دەكەن. ڕەحمان غەریب ئەوەشی وتووە، بڕیاری قەدەغەكردنی روماڵی تاوانەكان، چاڵی بێ متمانەی نێوان هاووڵاتیان و حكومەت گەورەتر دەكات. زۆر بە سادەیی، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان زانیاریی رێگە پێدراوی لەسەر تاوانەكان شاردەوە، هاوڵاتی نەیزانی چی ڕوودەدات، دەنگۆ و هەواڵی چەواشە زیاتر دەبێت، ئینجا لێپرسینەوەش قورستر دەبێت، بە سادەیی، گەر كەس رێژەی تاوان نەزانێ، چۆن لێپرسینەوە لە حكومەت و وەزیر بكرێت؟ ڕێكخەری سەنتەری میترۆ ئەوەشی باسكردووە، میدیا و رۆژنامەنووسی پیشەیی، پێویستی بە بڕیاری وەزاری و گشتاندن نییە فێری ئیشەكەی بكات، دەبێت خۆی بزانێت سنورەكانی لە كوێ تەواو دەبێت، بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە و ئەخلاقی ئەنجامی بدات. بەو مانایەی كە دەتوانێت روماڵ بكات و ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی خەڵكیش بپارێزێت، ئەمە كەی رەوایە قاچاغچێتی و بازرگانی چەكی قورس و سوك و جەنگی و عیتادەكەی، بازاڕی ئازادی هەبێ، بەڵام زانیاری لەسەر تاوانەكان قەدەغەبكرێت؟ ئەرێ باشتر نەبوو دوای چواردە ساڵ لە دەرچوونی، رێناماییەك بۆ جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری دەربكەن؟