گرنگ

لە سلێمانى راوى سەگەکان دەکرێت، رادەستکردنی سەگێک بەرامبەر وەرگرتنی سێ هەزار دینار

2025-09-20

 
سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی دەست بە هەڵمەتێک دەکات و سەرجەم سەگە بێلانەکان لە نێو کوچە و کۆڵانەکان دەگوازێتەوە بۆ دەرەوەى شار و شەڵتەرەکان. لەو بارەرەوە شارەوانى رایگەیاندووە، لە ئەمڕۆوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە چڕتر دەکەینەوە، هەرکەسێک سەگ بباتە شێڵتەری ئاژەڵە بێلانەکان سێ هەزار دینار پاداشت وەردەگرێت. سەرۆکایەتى شارەوانى سلێمانى داواشى کردووە ئەو سەگانەی بەچکەیان هەیە بەچکەکەیان لەگەڵدا ببرێت. لە بارەى هەڵمەتەکە شارەوانى سلێمانى روونیکردووەتەوە، بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام، کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیکبوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان بۆیە دەستیان بە هەڵمەتەکە کردووە و ئاگاداری هاووڵاتییانیش دەکات، هەڵمەتێکی چڕتر بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت. سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی راشیگەیاندووە، کارەکانی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ و رادەستکردنەوەی بە شێڵتەرەکە چڕتر دەکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە کەمترین ماوە زۆرترین سەگ کۆبکرێتەوە لە شەقام و کۆڵانەکان لەلایەن ئەو کەسانەی، کە شارەزاییان لە گرتنی سەگ هەیە. شارەوانی مەرجی هەیە بۆ گرتنی سەگەکان و دەڵێت: "مەرجەکانی گرتنی سەگەکان بریتین لەوەی، کە هەر سەگێک بەچکەی هەبێت بەبێ بەچکەکە نەبێت، هەروەها لە کاتی رادەستکردنەوەیان بە شێڵتەرەکە بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەکرێت و ئەگەر رادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێت بڕی دوو هەزار دینار پاداشت دەکرێت". هەروەها ئەوەشى راگەیاندووە، هەر کەسێک بیەوێت سەگ بگرێت و نەیباتە شێڵتەر، دەتوانێت لە شوێنێک کۆی بکاتەوە و تیمەکانی شارەوانی ئاگادار بکاتەوە، ئەوکاتە بۆ هەر سەگێک دوو هەزار دینار پاداشت دەکرێت. شارەوانی سلێمانی داوا لە ئاژەڵدۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵانیش دەکات پشتیوان و هاوکاریان بن لە هەڵمەتەکە.
 
 
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color