بەرپرسێكی كۆمیسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، بەفەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن كۆتایی پێهاتووە و لە ئەمڕۆوە تا ڕۆژی هەڵبژاردن، هەر كاندیدێك بانگەشە بكات سزای تا دوور خستنەوە لە بەربژێربوون دەڕوات. نیبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی میدیایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، لە كاتژمێر حەوتی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 8/11/2025 هەموو جۆرە بانگەشەیەك كۆتایی پێكهاتووە، بۆیە بانگەشەكردن لەكاتی بێدەنگیی بانگەشەی هەڵبژاردندا پێشێلكارییەكی یاساییە و ئەنجامدەرەكەی رووبەڕووی سزا دەكرێتەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، سزاكان بەپێی جۆری سەرپێچییەكان دەگۆڕن، لە پێبژاردنی داراییەوە دەستپێدەكەن تاوەكو دەگەنە بێبەشكردن و دوورخستنەوە، ئەوەیش بەپێی سەرپێچی یان تاوانەكە دەبێت و سزاكانیش لە چوارچێوەی پەیڕەوی ژمارە 4ی ساڵی 2025ی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دیاریكراوە، كە لە 29 ماددە پێكهاتووە و ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە تەممووزی ئەم ساڵ پەسندی كردووە. ئەوەش لەكاتێكدایە كە وابڕیارە سبەی یەك شەممە دەنگدانی تایبەت و لە رۆژی سێ شەممەش پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت.