گرنگ

لە بایکۆتەوە بۆ پیرۆزبایی؛

2026-05-18

 

وردەکاریی کۆبوونەوە نهێنییەکەی نێچیرڤان بارزانی و نزار ئامێدی لە بەغدا

پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری نوێی عێراق، پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە و سەهۆڵبەندانی نێوانیان بە یەکجاری خەریکە دەتوێتەوە، ئەوەش بەهۆى کۆبوونەوەیەکى ناوبراو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى.

بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی دەست «بوار» کەوتوون، دوور لە چاوی کامێراکان و میدیاکان، کۆبوونەوەیەکی باڵا لە نێوان نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و نزار ئامێدى سەرۆککۆماری عێراق ئەنجام دراوە.

هەر بەپێى زانیارییەکان، ڕۆژی ١٤ـی ئایار، تەنها چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێی حکومەت بە سەرۆکایەتیی (عەلی زەیدی)، لە یەکێک لە هۆڵە داخراوەکانی پەرلەمانی عێراقدا، نێچیرڤان بارزانی و نزار ئامێدی بەتەنها کۆبوونەتەوە.

بوار زانیویەتى، لەو دیدارەدا، کە بە تەواوی پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشووی سەرکردایەتیی پارتییە، نێچیرڤان بارزانی بە گەرمی پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی کردووە وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق، پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەش، بۆ سەلماندنی کۆتاییهاتنی گرژییەکان، هەردوو سەرکردە پێکەوە و هاوشانی یەکتر چوونەتە ناو هۆڵی دەنگدانەکەوە.

ئەم پێشهاتە نوێیە لە کاتێکدایە، پێشتر پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە فەرمی ناڕەزایەتیی توندی بەرامبەر بە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەربڕیبوو، فراکسیۆنەکەی لە بەغدا بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کردبوو.

تەنانەت بەرپرسانی باڵای پارتی لە چەندین لێدواندا جەختیان لەوە کردبووەوە، متمانە بە پرۆسەکە ناکەن و ڕایانگەیاندبوو: "نزار ئامێدی سەرۆککۆماری ئێمە نییە و با نەیەتە هەولێریش، چونکە مامەڵەی لەگەڵدا ناکەین".

ئەم وەرچەرخانە خێرایە دەریدەخات، هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی نوێ و لاپەڕەیەکی تازە لە پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان هەڵدراوەتەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color