#بوار
پڕۆژەی "هەژماری من" قۆناغێکی نوێی بڕیوە و بڕیارە بۆ مووچەی مانگی پێنج، زیاتر لە 800 هەزار مووچەخۆر لەڕێگەی سیستەمەکەوە مووچەکانیان وەربگرن، هاوکات ئامادەکارى دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا کۆتایی بە سیستەمی دابەشکردنی مووچە بە کاش بهێنرێت و تەواوی مووچەخۆران لەڕێگەی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان پێ بدرێت.
بەپێی داتاکانی پڕۆژەکە، ژمارەی سوودمەندبووان بەشێوەیەکی خێرا لە هەڵکشاندایە؛ لە کاتێکدا لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا تەنها 620 هەزار کەس لە سیستەمەکەدا بوون، بۆ مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ ژمارەکە بەرزبووەوە بۆ 720 هەزار مووچەخۆر.
هەروەها لە مانگی ئازاردا گەیشتە 736 هەزار و لە مووچەی مانگی نیسانیشدا 760 هەزار کەس لەڕێگەی سیستەمی "هەژماری من"ـەوە مووچەیان وەرگرتووە، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی چوار مانگی ئایندەدا، ژمارەی سوودمەندان بگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر.
سەبارەت بە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەخۆران، لە ئێستادا تۆمارکردنی سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی، کەسوکاری شەهیدان و خانەنشینان کۆتایی هاتووە، بەشێکی بەرچاو لەو مووچەخۆرانە کارتی بانکییان بۆ گەڕاوەتەوە و ئەوانەی دیکەش لە قۆناغی چاوەڕوانیی وەرگرتنەوەی کارتەکانیاندان. بە تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە و دابەشکردنی سەرجەم کارتەکان، لە چەند مانگی داهاتوودا بەتەواوی کۆتایی بە شێوازی نەریتیی دابەشکردنی مووچە دەهێنرێت و پرۆسەکە بەتەواوی دەبێتە بانکی.
بۆ ئاسانکاریی پرۆسەی ڕاکێشانی پارەش، ژێرخانی بانکیی پڕۆژەکە بەرفراوانتر کراوە، کە لە ئێستادا نزیکەی 600 ئامێری ڕاکێشانی پارەی کارا (ATM) لە بەردەستدان و کار دەکرێت بۆ ئەوەی ژمارەکەیان بۆ نزیکەی هەزار ئامێر بەرزبکرێتەوە، لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەشدا، لە ماوەی ڕابردوودا سەدان ئامێری نوێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی جێگیرکراون، کە بەشێکیان کاراکراون و خرانە خزمەتی هاووڵاتییانەوە