#بوار
دوای خستنەبازاڕی مۆبایلەکانی "T1"، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بەرهەم دەهێنرێت، شارەزایان باس لە کەلێنێکی ئەمنی دەکەن، کە بووەتە هۆی دزەکردنی زانیاریی نزیکەی 27 هەزار کەس، کە هەوڵی کڕینی مۆبایلە زیرەکە زێڕینەکەیان داوە.
کۆمپانیای "ترەمپ مۆبایل" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، بە هاوکاریی شارەزایانی سەربەخۆ لە بواری ئاسایشی زانیاریدا لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوت ناوی تەواو، ناونیشان و ژمارەی مۆبایلی ئەو کەسانەی فۆڕمی داواکاریی پێشوەختەیان پڕکردووەتەوە، دزەیان پێکراوە.
کۆمپانیاکە لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی "گاردین"ـی بەریتانیدا سەبارەت بەو بابەتە رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەر دەستدان، هیچ بەڵگەیەکمان نەدۆزیوەتەوە بیسەلمێنێت سیستم، ژێرخان، یان تۆڕی ترەمپ مۆبایل بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاک کرابێت، و لێکۆڵینەوەکانیش هێشتا بەردەوامن."
هەروەها هەروەها رایگەیاند، لە ئێستادا، وا دەرناکەوێت ڕووداوەکە پەیوەندیی بە زانیاریی کارتی پارەدان، زانیاریی بانکی، ژمارەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی، تۆماری پەیوەندییەکان، نامەی کورتەباس (تێکست)، یان هەر زانیارییەکی تری دارایی هەستیارەوە هەبێت، وا پێدەچێت ئەو زانیارییانەی دزەیان پێکراوە لە ئێستادا تەنها کورت ببنەوە لە هەندێک زانیاریی کڕیارەکان، لەوانەش ناو، ئیمەیڵ، ناونیشانی پۆستە و ژمارەی مۆبایل."
"ترەمپ مۆبایل" ئامۆژگاریی کڕیارەکانی کرد، کە ئاگاداری هەر ئیمەیڵ، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی، یان کورتەنامەیەکی گومانلێکراو بن، کە پەیوەندیی بە داواکارییەکانیانەوە هەیە، جەختیشی کردەوە، "هیچ کاتێک لە ڕێگەی پەیوەندییەکی نەخوازراوەوە داوا لە کڕیارەکان ناکات زانیاریی پارەدان، وشەی نهێنی، یان هەر زانیارییەکی تری هەستیار پێشکەش بکەن."
ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی مۆبایلە زیرەکەکانی جۆری "T1" لەلایەن کۆمپانیاکەوە، دوای دواکەوتنێک، کە نزیکەی 10 مانگی خایاند و پاشگەزبوونەوەی کۆمپانیاکە لە بەڵێنی سەرەتایی خۆی بۆ دروستکردنی مۆبایلەکان لە ناوخۆی ئەمریکادا.
لە لایەکی ترەوە، پرۆگرامسازێکی ئوسترالی کە ماوەی نزیکەی 20 ساڵە لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاریدا کاردەکات، بە "گاردین"ـی ڕاگەیاند، بەڕێکەوت چەند کەلێنێکی ئەمنیی لە ماڵپەڕەکەدا دۆزیوەتەوە و "ترەمپ مۆبایل"ی لێ ئاگادار کردووەتەوە.
جۆناسان سۆما، کە پرۆگرامسازە و مامۆستایە لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک، وتی: "زانیاریی بەکارهێنەران تەنانەت بۆ ئەو کەسانەش تۆمار دەکرێت کە پرۆسەی کڕینەکەیان تەواو نەکردووە، یان ئەوانەی سەبەتەی کڕینەکانیان بەجێهێشتووە بەبێ ئەوەی پارەی تێچووەکە بدەن."
ئاشکراکردنی ئەم کەلێنە ئەمنییە نزیکەی ساڵێک دوای ئەوە دێت کە دامەزراوەی ترەمپ خزمەتگوزاریی مۆبایل و مۆبایلی زیرەکی لە حوزەیرانی 2025ـدا ڕاگەیاند، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دەیەمین ساڵیادی دەستپێکردنی هەڵمەتی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ.
لەو کاتەدا، هەردوو کوڕەکەی ترەمپ، ئەریک و دۆناڵد جونیۆر، پلانیان ڕاگەیاند بۆ خستنەبازاڕی "مۆبایلێکی زیرەکی زێڕینی قەشەنگی نوێ، کە بە شانازییەوە لە ئەمریکا نەخشێنراوە و دروستکراوە بۆ ئەو کڕیارانەی کە پێشبینی باشترین دەکەن لە کۆمپانیای پەیوەندییەکانیان."
بەڵام ئێستا ماڵپەڕی "ترەمپ مۆبایل" ئاماژە بەوە دەکات کە مۆبایلەکان "بە ڕەچاوکردنی بەها ئەمریکییەکان نەخشێنراون"، نەک "لە ئەمریکا دروستکرابن".
هەفتەی ڕابردووش، پات ئۆبراین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە یەکەمین مۆبایلەکانی "T1" لە ئەمریکا کۆکراونەتەوە (بەستراون)، و لە داهاتووشدا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەو پێکهاتانە دەبەستن کە "لە ناوخۆدا دروستکراون"، هەروەها وتیشی، پرۆسەی ناردنی مۆبایلەکان بۆ کڕیاران دەستی پێکردووە