بانەر
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، گەورەترین تۆڕی پەیوەندییەکانی مۆبایل لە عێراق، ئامارە داراییەکانی ساڵی 2025ـی بڵاوکردەوە و ئاماژە بە گەشەیەکی پێوانەیی لە داهات و قازانجەکانیدا دەکات، بە جۆرێک تێکڕای داهاتی کۆمپانیاکە لە ساڵی ڕابردوودا دوو تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە.
بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2025ـدا قازانجی پوختی کۆمپانیاکە گەیشتووەتە 519 ملیار دینار، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە لە ساڵی 2024ـدا قازانجەکەی 393 ملیار دینار بووە.
بەمەش ئاسیاسێڵ توانیویەتی ئاستی قازانجەکانی بە ڕێژەی 32٪ بەرز بکاتەوە، هاوکات، تێکڕای داهاتی کۆمپانیاکە بەراورد بە ساڵی 2024 (کە یەک تریلیۆن و 870 ملیار دینار بووە)، گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتە داراییەکەدا هاتووە، کۆی خەرجییەکانی ئاسیاسێڵ بۆ ساڵی ڕابردوو بڕی یەک تریلیۆن و 420 ملیار دینار بووە، خاڵی جێگەی سەرنج لەم ئامارانەدا، کەمبوونەوەی خەرجییەکانی کرێ و مووچەی کارمەندانە؛ کە لە 127 ملیار دیناری ساڵی 2024ـەوە، دابەزیوە بۆ 101 ملیار دینار لە ساڵی 2025ـدا.
ئەم کەمبوونەوەیە لە خەرجییەکان کە ڕێژەی 20٪ پێکدەهێنێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چاکسازییە ژمێریاری و دارایی و ڕێکخستنەوە کارگێڕییانەی، کە کۆمپانیاکە لە ماوەی ڕابردوودا جێبەجێی کردوون.
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لەسەر ئاستی عێراق خاوەنی زۆرترین بەشداربووە و بە گەورەترین کۆمپانیای بواری مۆبایل و پەیوەندییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا دادەنرێت.
کۆمپانیاکە لەلایەن سەرمایەدار (فاروق مەلا مستەفا)ـوە دامەزراوە، کە خاوەنی زۆرینەی پشکەکانییەتی و لە ئێستاشدا خزمەتگوزارییەکانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە.