بوار، تایبەت
لەگەڵ نزیكبوونەوە لە هاتنی جەژنی قوربان، نرخی ئاژەڵی زیندوو لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و بازرگانێكیش هۆكارەكەی بۆ كەمیی ئاژەڵ لە ناوخۆدا دەگەڕێنێتەوە.
تۆفیق محەممەد، بازرگانی هاوردەكردنی ئاژەڵ و خاوەنی كۆمپانیای نۆبەند ڕایگەیاند، نرخی ئاژەڵی زیندوو بە گشتی و ئەو ئاژەڵانەی بۆ قوربانیكردن دەشێن، بۆ هەر كیلۆیەك بە كێشی زیندوو (زینە قەپان) بڕی 1,500 دینار بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد كە هۆكاری سەرەكیی ئەم گرانبوونە بۆ كەمیی ئاژەڵ لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە،نرخی یەك كلیۆجوانەگا بە زینە قەپان لە نێوان 8,500 بۆ 9,000 دیناردایە، هاوكات مەڕ كێشی لە نێوان 50 بۆ 70 كیلۆیە و كیلۆیی بە 7,000 دینارە، لە كاتێكدا كاوڕ یان شەكی كێش 50 بۆ 80 كیلۆیی، نرخی هەر كیلۆیەكی دەگاتە 9,500 دینار، هەروەها بەرانی كێش 100 كیلۆیی بە 7,500 دینار و بزنی كێش 40 بۆ 55 كیلۆیی بە 7,000 دینار بۆ هەر كیلۆیەك دەفرۆشرێن.
ئەوبازرگانە ئەوەشی ئاشكراكردووە، ئەو ئاژەڵانەی بۆ قوربانی ئامادە دەكرێن، خاوەنەكانیان بۆ ماوەی دوو تا سێ مانگ خواردنی باشیان پێدەدەن تاوەكو گۆشتی زیاتر بگرن و قەڵەو ببن، ئەمەش تێچووی ئاژەڵەكە زیاتر دەكات.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان 4,500,000 سەر مەڕ و بزن و 250,000 سەر ڕەشەوڵاخ هەن. هەروەها بۆ خزمەتكردنی ئەم كەرتە، 48 كارگەی تایبەت بە دروستكردنی ئالیك و 127 كێڵگەی گەورەی بەخێوكردنی ئاژەڵ بوونیان هەیە