گرنگ

خاڵەکانی ڕێککەوتنى نێوان ئەمریکا و ئێران

2026-05-24

 

#بوار
لە کاتێکدا وا دیارە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران نزیک بووەتەوە، ماڵپەڕی هەواڵی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی وردەکارییەکانی خاڵە چاوەڕوانکراوەکانی ئاشکراکرد.

بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، ئەو ڕێککەوتنەی، کە ئەمریکا و ئێران لێینزیکبوونەتەوە بۆ واژۆکردنی، درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژەیە، کە لەو ماوەیەدا گەرووی هورمز بەبێ باج (ڕسوومات) دەکرێتەوە، هەروەها ڕێگە بە ئێران دەدرێت بە ئازادی نەوتەکەی بفرۆشێت، لە کاتێکدا دانوستانی زیاتر لەسەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجام دەدرێت.

ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە هەڵکشانی شەڕ و کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر دابینکردنی وزەی جیهانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ڕوون نییە، ئایا دەبێتە هۆی ڕێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی، کە هاوکات داواکارییە ئەتۆمییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جێبەجێبکات، کە هەمان ئەو داواکارییانەن ئیسرائیلیش داوایان دەکات.

هەر یەک لە ترەمپ و نێوەندگیرەکان ئاماژەیان بە ئەگەری ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە کرد لە ئەمڕۆ یەکشەمەدا، هەرچەندە هێشتا بە یەکجاری پەسەند نەکراوە، بەرپرسە ئەمریکییەکەش پوختەیەکی لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە بە شێوازە دەقە هەنووکەییەکەی خستەڕوو، سەرچاوەکانی دیکەی ئاگادار لە دانوستانەکان زۆربەی (زانیارییەکانیان) پشتڕاست کردووەتەوە.

لە کاتێکدا لایەنی ئێرانی ئەم وردەکارییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، تاران ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کردووە.

ڕێککەوتنەکە چی لەخۆدەگرێت؟
• هەردوو لایەن یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن، کە ئاگربەست بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ، ئەگەر پێویست بکات درێژدەکرێتەوە.
• لەو ماوەیەدا، گەرووی هورمز بەبێ باجی تێپەڕبوون دەکرێتەوە، ئێران ڕەزامەندی دەردەبڕێت لەسەر لابردنی ئەو مینانەی لە گەرووەکەدا چاندوونی بۆ ئەوەی ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئازادانەی کەشتییەکان بدات.
• لە بەرامبەردا، ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت، هەندێک لێخۆشبوون لە سزاکان دەداتە ئێران بۆ ئەوەی ڕێگەی پێبدات بە ئازادی نەوت بفرۆشێت.
• ئێران پابەند دەبێت بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات.
• لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژەدا دانوستانی دیکە ئەنجامدەدرێت سەبارەت بە هەڵپەساردنی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم، لەناوبردنی یەدەگی تارانیش لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز.
• بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار، ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە، بەڵێنی زارەکی داوەتە ئەمریکا سەبارەت بە قەبارەی ئەو سازشانەی، کە پێشکەشیان دەکات لەسەر هەڵپەساردنی پیتاندن و دەستبەرداربوون لە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
• ئەمریکا ڕەزامەندی دەردەبڕێت لەسەر دانوستان بۆ هەڵگرتنی سزاکان و هەڵگرتنى بلۆکى سەر پارەکانی ئێران لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژەدا، بەو مەرجەی ئەم هەنگاوانە تەنها وەک بەشێک لە ڕێککەوتنێکە بێت و وەک خۆى جێبەجێبکرێت.
• ئەو هێزانەی ئەمریکا، کە لە مانگەکانی دواییدا لە ناوچەکە کۆکراونەتەوە، لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژەدا دەمێننەوە، پاشەکشە ناکەن تەنها لە حاڵەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەبێت.
• ڕەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە ڕوونی ئاماژە بە کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە لوبنان دەکات.

بەرپرسە ئەمریکییەکە گوتیشى، هەرچەندە ئێران خێراتر مینەکان لابدات و دەست بە جووڵەی کەشتیوانی بکاتەوە، گەمارۆکەش خێراتر هەڵدەگیرێت، هاوکات ڕوونیشیکردەوە، ئەو بنەما سەرەکییەی ترەمپ لە ڕێککەوتنەکەدا پشتی پێ بەستووە بریتییە لە "لێخۆشبوون لە بەرامبەر جێبەجێکردندا".

هەروەها ئێران داوای کردووە دەستبەجێ بلۆککردنى پارەکانی هەڵبگیرێت و بە یەکجاری سزاکانی سەری لابرێن، بەڵام لایەنی ئەمریکی جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەوە ڕوونادات تەنها دوای پێشکەشکردنی "سازشی بەرچاو"، ئەمەش بەپێی قسەی بەرپرسەکە.

لەلایەکى دیکەوە بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ لە ڕۆژی شەممەدا، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە مەرجی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە لوبنان.

هەروەها ناتانیاهۆ نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە "لایەنەکانی دیکە"،ی ڕێککەوتنەکە دەربڕیوە، بەپێی گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی.

بەرپرسەکە گوتی، ڕێککەوتنەکە لە لوبنان نابێتە "ئاگربەستێکی یەکلایەنە، و ئەگەر حزبوڵڵا هەوڵی خۆپڕچەککردنەوە یان ئەنجامدانی هێرش بدات، ئەوا ڕێگە بە ئیسرائیل دەدرێت ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لێی بگرێتەبەر، بەڵام ئەگەر حزبوڵڵا پابەند بێت بە یاساکانەوە، ئەوا ئیسرائیلیش پابەند دەبێت پێیانەوە".

گوتیشی: "ناتانیاهۆ ڕەچاوکردنی ناوخۆیی خۆی هەیە، بەڵام دەبێت ترەمپ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئابووریی جیهانی لەبەرچاو بگرێت".

بەرپرسە ئەمریکییەکە ڕوونیکردەوە، کۆشکی سپی هیوادارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ناکۆکییەکانی دوایی چارەسەر بکات، و ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەنێت.

بەڵام هۆشداریشی دا لە "ئەگەری ئەوەی، کە ڕێککەوتنەکە تەنانەت 60 ڕۆژی تەواویش نەخایەنێت، ئەگەر ئەمریکا پێی وابێت ئێران لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا جیدی نییە"

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color