#بوار
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران بەشدارە لەو دانوستانانەی لە نێوان واشنتن و تاراندا بەڕێوەدەچن، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە لە قۆناغێکدا چاوی پێی بکەوێت.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی ئۆنلایندا (پۆدکاست) ڕوونیکردەوە، دۆخەکە لەگەڵ ئێران "بە خێرایی بەرەوپێش دەچێت و زۆر باش دەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "ئێران لە ئێستادا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی چەکی ئەتۆمی نەبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد "ڕێبەری ئێران بەشدارە لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکادا".
هەروەها ترەمپ وتی: "ڕەنگە لە قۆناغێکدا لەگەڵ ڕێبەری ئێران کۆببمەوە".
سەبارەت بە دەستێوەردانی زەمینی لە ئێران، ترەمپ ڕوونیکردەوە: "لە ئێستادا پێویستمان بە بڵاوەپێکردنی هێزی زەمینی نییە".
سەبارەت بە دۆسیەی لوبنانیش، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، لەو ململانێیەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ڕازی نییە.
سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییە توندەکەی لەگەڵ بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ وتی: "ئەوە بەڕاستی ڕوویدا.. توڕە نەبووم، بەڵام کەمێک بێزار بووم لە ململانێ بەردەوامەکانی لەگەڵ لوبنان"، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکەی لەگەڵ ناتانیاهۆدا زۆر باشە.