#بوار
بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی بگاتە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی دەست «بوار» کەوتوون، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ ڕووسیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی ناوچەکەیە.
هاوکات بوار زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی هەڵگری چەند پەیامێکی تایبەتە بۆ مۆسکۆ، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوەڕۆکی ئەو پەیامانە بە نادیاری ماونەتەوە.
ئەم سەردانە چاوەڕوانکراوە لە کاتێکدایە، پێشتر بافڵ تاڵەبانی لە لێدوانەکانیدا جەختی لەوە کردبووەوە، کە لە ئێستادا پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەوپەڕی بەهێزیدایە، وەک خۆی ئاماژەی پێدابوو، وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، ڕووسیا، چین و وڵاتانی ئەورووپاش لە پرسە هەستیارەکانی پەیوەست بە ناوچەکە، پرس و ڕاوێژ بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن.