لە سەردەمێکدا کە ناوچەکە و عێراق، بەدەست قەیرانی سیاسی، ململانێی هەرێمایەتی و ئاڵۆزییە ئابوورییەکانەوە دەناڵێنن، ڕێبەرایەتیکردنی هەرێمی کوردستان پێویستی بە سەرکردەیەک هەیە، کە خاوەنی بڕیاری بەهێز، دیدگای ڕوون و کردارگەلی جدی بێت.
لەم هاوکێشەیەدا، پێگەی (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک زەرورەتێکی سیاسی و گەشەپێدان بۆ داهاتووی هەرێم دەردەکەوێت، یەکێک لە خاڵە هەرە دیار و جیاکەرەوەکانی ئەم سەرکردەیە، نەبوونی مجامەلە و سازشنەکردنە لەسەر مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و ناوەندەکانی بڕیار لە عێراق.
مەسرور بارزانی، سەلماندوویەتی کە ڕاستەوخۆ، ڕاشکاو و جدییە لە بەرگریکردن لە کیانی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی، هاوکات عێراق و وڵاتانی دۆست و تەنانەت ڕکابەر و دوژمنەکانیشی بە باشی درکیان بە جدییەتی کاک مەسرور کردووە.
هەمووان ئەوەیان زانیوە کە لە بەرانبەر سەرۆک وەزیرانێکدا وەستاون، ئامادە نییە لەسەر مافی ڕەوای گەلەکەی بکەوێتە ژێر هیچ گوشار و مامەڵەیەکی سیاسییەوە.
جگە لە ڕەهەندە سیاسییەکەی، مەسرور بارزانی وەک سەرکردەیەکی جدی، ڕێکخەر و کارگێڕێکی بەتوانا ناسراوە، سەرۆکی حکومەت لێبڕاوانە و بە یەک ئاسۆ و هیوا و ڕۆحییەتەوە، خزمەتی تەواوی کوردستان دەکات، بە جۆرێک کە ئەم ئاوەدانی و هەنگاوانە لە زاخۆوە بۆ کفری درێژ دەبنەوە.
ئەم تایبەتمەندییانە وایانکردووە کە ئەرکە ئاڵۆزەکانی بەڕێوەبردن بە جوانی و بە بەرپرسیارێتییەوە جێبەجێ بکات لە ماوەی کابینەکەیدا، جەختی سەرەکی خستووەتە سەر ئاوەدانکردنەوە، دروستکردنی ژێرخانی ئابووری سەردەمیانە و دوورکەوتنەوە لە دروشمی بێکردار.
گەر تەماشای هەولێر بکەیت لە سەردەمی سەرۆک وەزیران، دەبینیت تەنها یەک شوێنی زۆنی زێڕین نییە، بەڵکو تەواوی شارەکە و تەواوی دەروازەکانی، کراونەتە زۆنی ئاڵتونی و بەبایەخ لەڕوی ئابووریەوە.
هەولێر، بەرەو گەشەکردن و ئاوەدانیی بەردەوام هەنگاو دەنێت، لەنێو پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەکەشدا، چەندین کەرتی گرنگ شایەتحاڵی ئەم دەستکەوتانەن، لەوانە: پەرەپێدانی ڕێگاوبان، لە ڕێگەی جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی دووساید و ڕێگای ستراتیژی لە نێوان شارەکاندا، کە نەهێشتنی مەترسییەکانی هاتووچۆ و ئاسانکاریی بازرگانیی لێکەوتووەتەوە.
هەروەها دابینکردنی سەربەخۆیی دارایی و سیستەمی بانکی، لە ڕێگەی هەژماری من و بەدیجیتاڵکردنی مووچە و دامەزراندنی ژێرخانێکی بانکی تۆکمە، کە ڕێگری لە گەندەڵی دەکات و هەرێم بەرەو ئابوورییەکی سەردەمیانە دەبات.
پەیوەست بە کارەبا و کەرتی وزە، بە خستنەگەڕی هەوڵی بەردەوام بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و ڕێکخستنەوەی سیستەمی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، بۆ بەشێک لە شوێنەکان و دروستکردنی سێکتەرێکی بەهێزی وزە. سەرەڕای دەیان پڕۆژەی ستراتیژی تر، لە کەرتەکانی (کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار)دا، کە بوونەتە هۆی ڕەخساندنی هەزاران دەرفەتی کار بۆ گەنجان.
داهاتووی هەرێمی کوردستان، پێویستی بە بەردەوامیپێدانی ئەم دیدگا ڕوونە و تەواوکردنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە ژێرخانییانەیە پشتیوانیکردنی مەسرور بارزانی بۆ ئەوەی کارەکانی بەئەنجام بگەیەنێت، گەرەنتییە بۆ سەقامگیریی سیاسی، پەرەپێدانی ئابووری و پاراستنی سەربەرزی و مافەکانی گەلی کوردستان بەرامبەر هەموو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
دڵشاد نامیق فەرەج
