گرنگ

كورد چاوەڕێی رێككەوتنی شیعەكانە

2021-10-27

 

 

لایەنە كوردییەكان نایانەوێت ببنە بەشێك لەململانێكانی ناو ماڵی شیعە

بوار نیوز، سلێمانی
لایەنە كوردییەكان نایانەوێت ببنە بەشێك لەو ململانێیەی لەناو ماڵی شیعەكان بەهۆی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروست بووەو چاوڕێن لەنێوان خۆیان رێككەوتن بكەن.

لەدوای دەركەوتنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە لە 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو بەرێوەچوو، كێشەو ململانێكان لە نێوان لایەنە شیعییەكان بەتەواوی قووڵبووەوەو هەر خولەكێك ئەگەری تەقینەوەی لێدەكرێت.

ئەو كێشە ململانێیانەی ناو ماڵی شیعەكان ئێستا بە ئاستێك گەیشتووە، دابەشی دوو بەرە بوون‌و هەر بەرەیەكیشیان ئەو بەرەكەی تر رەتدەكاتەوە.

بەرەی موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر، براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە بە 73 سێ‌ كورسی پەرلەمانی، ئەو بەرەیە ئێستا خۆی بە براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەزانێت‌و جەخت دەكاتەوە وەك كوتلەی براوە مافی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیان هەیە.

لەبەرانبەردا بەرەی لایەنەكانی نزیك لەئێران، كە بریتین لە هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری‌و دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی‌و چەند لایەنێكی تری سەر بەهێزەكانی حەشدی شەعبی، ئەو بانگەشانەی لیستی سەدر رەتدەكەنەو باس لەوە دەكەن، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ساختەكاری كراوە.

بەو هۆیەشەوە ئەو لایەنانە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتدەكەنەوەو جەخت لەوە دەكەنەوە، كە دەبێت تەواوی ئەنجامی هەڵبژاردن جارێكی تر بەشێوەی دەستی ئەژماربكرێتەوە، كە پێشتر بەشێوەی ئەلیكترۆنی ئەژماركراون.

دابەشبوونی لایەنە شیعەكان وای كردووە، كە تائێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە رانەگەیەنێت‌و پەسەندكردنی ئەنجامەكانیش دوابكەوێت.

هەروەها دابەشبوونی ئەو لایەنانە وایكردووە، كە لایەنە كوردی‌و سوونییەكان بێدەنگی هەڵبژێرن، چونكە نایانەوێت ببنە بەشێك لەو ململانێی لەنێوان ئەو لایەنانە دروست بووە.

لەو بارەوە جەمال كۆچەر، ئەندامی كوردی هەڵبژێراو بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ بوارنیوز وتی: لایەنە كوردییەكان بەگشتی لەئێستادا بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

جەمال كۆچەر، كە لەسەر لیستی یەكگرتووی ئیسلامی دەرچووە بۆ پەرلەمانی عێراق وتیشی: وەك یەكگرتوو نابینە بەشێك لەو ململانێیانەی ئێستا هەیە، بۆیە تائێستا بەشداری هیچ دانوستانێكمان نەكردووە، كە تایبەت بووبێت بەپرسی پێكهێنانی حكومەت.

ئەو ئەندامە هەڵبژێراوەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش كرد، لەناو لایەنە كوردییەكان، جگە لەیەكگرتووی ئیسلامی لایەنە كوردییەكانی تریش، كە كورسی پەرلەمانیان هەیە، تائێستا بێدەنگیان هەڵبژاردووەو بەگشتی چاوەڕێی ئەوەن لایەنە شیعییەكان رێككەوتن بكەن‌و دواتر گفتوگۆیان لەگەڵ بكەن بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.

دواین جوڵەی نێو ماڵی لایەنە شیعەكان، كۆبوونەوەیەك بوو لەماڵی نوری مالیكی، كە شەوی 24 لەسەر 25ی ئەم مانگە لەشاری بەغدا بەرێوەچوو، بەڵام نوێنەری لیستی سەدر بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكرد.

بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكە سەرجەم لایەنەكانی بەشدار، جەخیان كردووەتەوە، كە دەبێت ئەنجامی هەڵبژاردن بەشێوەی دەستی ئەژماربكرێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لایەنەكان جەخیان لەوەش كردووەتەوە، كە دەبێت هاوپەیمانییەكی گەورە دروست بكەن، تا لەو رێگەیەوە كاندیدیان رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌و تەنانەن ناوی چەند كاندیدێكیش هێنراوە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، دیارترین ناویش قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراقە.

لەبەرانبەر ئەوەلا رەوتی سەدر جەخت دەكاتەوە، ئەوان بەشێك نابن لەو كۆبوونەوانەی، كە بەدەستی دەرەكی رێكدەخرێت‌و هەموو دەستوەردانێكیش رەتدەكەنەوە، كە بیەوێت رۆڵی هەبێت لەپێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.

لەبارەی ململاێنی لایەنە شیعەكان جەمال كۆچەر باسی لەوە كرد، ئەو كێشەو ململانێیانە كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌‌و هیواشی خواست لایەنە شیعەكان بەزوویی بگەنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت.

ئەو ئەندامە دەرچووەی پەرلەمانی عێراق هۆشداریشدا، نابێت لایەنە كوردییەكان ببنە بەشێك لەو ململانێیانە، چونكە ئەوە بەزیان بۆ هەرێمی كوردستان دەشكێتەوەو وتیشی: لایەنە كوردییەكان لەئێستادا تەنیا دەبێت رۆڵی ئەوە بگێڕن، كە بەشێك بن لەگفتوگۆكانی چارەسەرو وەك نێوەندگیر رۆڵ بگێڕن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color