بوارنیوز، تایبەت
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وەفا لە پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرایكرد 10 حالەتی گومانلێكراو بە توشبوون بە ڤایرۆسی گۆڕاوی كۆرۆنا ناسراو بە ئۆمیكرۆن تۆماركراون بۆ پشتڕاستكردنەوەش نمونەی پشكنینی ئەو گومالێكراوانە ڕەوانەی بەغدا كراون و سەرجەم نیشانەكانی ئۆمیكرۆنایان تێدا بەدیدەكرێت.
شوان عومەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وەفا تایبەت بە چارەسەری توشبووانی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: لەگەڵ دەستپێكی شەپۆلێكی نوێی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەئێستادا 10 حاڵەتمان تۆماركردووە كە سەرجەم نیشانەكانی توشبوون بە ئۆمیكرۆنیان تێدایە، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە لەو گومانلێكراوانە پشكنینەكانمان ڕەوانەی بەغدا كردووە دەبێت تەنها لەوێ پشتڕاستبكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێك لە توشبووەكان خۆمم كە نیشانەكانی ئۆمیكرۆنم تێدایە، بەڵام تا ئەو كاتەی ئەنجامی پشكنینەكان دەردەچن لە بەغدا ناتوانین بەفەرمی ئەوە ڕابگەیەنین، هاوكات جەختی لەوەشكردەوە، لەمەودوا هەموو حاڵەتەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان توشبوون دەبێت بە جۆری گۆڕاوی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناسراو بە ئۆمیكرۆن.