عێراق لەچاوەڕوانی سەدرو بارزانیدا
بوار، تایبەت
چاودێرە سیاسییەكانی عێراق چاوەڕێی هاتنی رۆژی 11 حوزەیرانن، بازنە سیاسییەکان چاوەڕوانی 11ی حوزەیرانن، کە رەنگە ئەو رۆژە رۆژێكی یەكلاكەرەوە بێت، بۆ كۆتایی هاتنی دۆخی چەقبەستوویی عێراق، یان پیادەكردنی چەند سیناریۆیەكی "خراپ" لە پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە.
11ی حوزەیران كۆتایی ئەو وادەیە، كە موقتەدا سەدر جارێكی تر بۆ لایەنە دژبەرەكانی رایگەیاند، كاتێك وتی: رەوتی سەدر ماوەی مانگێ ئۆپۆزسیۆنبوون تاقیدەكەنەو لایەنەكانی تریش دەتوانن لەو ماوەیە بە رێككەوتنێك حكومەتی نوێ پێكبهێنن..
موقتەدا سەدر، كە لیستەكەی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە، رۆژی 10 مانگی ئایار دەسپێشخەرییەكی خستەڕوو، كە بریتی لەوەی لایەنە دژبەرەكانیو لایەنەكانی تری ناو هاوپەیماییەكەی "هاوپەیمانی سێ قۆڵی رزگاری نیشتمان" دەتوانن رێككەوتن بكەنو حكومەتی بنكە فراوان رابگەیەنن، لیستی سەدریش بۆ مانگێكە ئۆپۆزسیۆن بوون تاقیدەكاتەوە.
لەماوەی ئەو چەند رۆژەی مانگەدا، كە 11 ئەم مانگە كۆتایی دێت، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیو لایەنەكانی تریش، لە هاوپەیمانی سێ قۆڵی، كە بریتین لە پارتی دیموكراتو لایەنە سونییەكان هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی بنكەفراوان، بۆیە چاودێران چاوەڕێی رۆژی 11ی ئەم مانگە دەكەن، تا بزانن، سەدر هەڵوێستی چی دەبێت.
غالیب دەعمی چاودێرو شیكەرەوەی سیاسی عێراق پێیوایە، چارەسەرەکانی قەیرانی سیاسی عێراق پێش 11ی ئەم مانگە هیچ دیارنییە، بەتایبەتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیو لایەنەكانی تریش هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بۆ پێكهێنانی حكومەتێك، لیستی سەدر لە دەرەوەی بێت.
غالب دەعمی وای دەبینێت، كە ئەگەر دوای 11ی حوزەیران حكومەتی نوێ بە رێككەوتنی هەموو لایەنەكان پێكنەیەت دۆخی عێراق بەرەو چەقبەستوویی سیاسی زیاتر دەڕواتو رەنگە وڵات بكەوێتە قەیرانی گەورەترەوە.
چاودێران پێشبینی سێ سیناریۆ بۆ دۆخی سیاسی عێراق دەكەن، كە رەنگە یەكێك لەو سیناریۆیانە لەم مانگە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو ئەوەش دۆخی سیاسی عێراق یەكلابكاتەوە.
بەقسەی چاودێران سیناریۆی یەكەم ئەوەیە، كە حكومەتی ئێستا بەردەوام بێتو بەردەوامی ئەم حكومەتەش بەهۆی ئەوەی حكومەتێكی كار بەرێكەرەوە، كێشەكان زیاتر بكاتو ئەوەش ببێتە هۆی سەرهەڵدانی چەند قەیرانێكی تر.
سیناریۆی دووەمیش ئەوەیە، كە رەنگە بەردەوامی كێشەی لایەنەكان تووڕەیی خەڵك زیاتر بكاتو جارێكی تر خەڵكی پەنا بۆ شەقامو ئەنجامدانی خۆپیشاندانی گەورە بەرن، كە ئەم هەنگاوەش رەنگە دۆخی ئەمنی عێراق بەرەو خراپتر بەرێت.
جگە كۆتایی وادەی سەدر بۆ لایەنەكان لە رۆژی 11ی ئەم مانگە، شەقامی عێراقی چاوەڕێی دەستپێشخەری مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموكراتیش دەكات، كە بڕیارە ناوبراویش لە هەمان رۆژ دەسپێشخەرییەكەی بۆ چارەسەری دۆخی چەقبەستوویی سیاسی عێراق بخاتەڕوو.
بارزانی بۆ راگەیاندنی دەستپێشخەرییەكەی چاوەڕێی هەڵوێستو رێككەوتنی یەكلاكەرەوەی پارتی و یەكێتی نیشمانییە، كە ماوەیەكە دەستیان بە گفتوگۆ كردووە، بۆ ئەوەی لەسەر ناكۆكییەكانیان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقو كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بگەن بە رێككەوتن.
بەپێی قسەی سەرچاوەیەك، بارزانی لەماوەی رابردوودا بۆ سەرگرتنی دەستپێشخەرییەكەی تیشکی زۆری خستووەتە سەر چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ یەکێتی سەبارەت بەکاندیدکردنی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق.