دادگا دۆسییەی نەوتی هەرێم یەكلادەكاتەوە؟
دۆسییەی نەوتی هەرێم گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدای زیاتر كردووە
بوار، تایبەت
كێشەكانی سەر دۆسییەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەردەوامی هەیەو لە دواین هەنگاویشدا هەریەكە لە حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستان پەنایان بۆ جوڵاندنی چەند سكاڵایەك لە دژی یەكتری بردووە.
لەساڵی 2013وە دۆسییەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیەو رۆژی 15ی شوباتی 2022 رۆژێكی یەكلاكەرەوە بوو بۆ دۆسییەی نەوتی هەرێم، بەو پێیەی لەو رۆژەدا دادگای فیدراڵی بڕیاری نایاسایی بوونی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بەشێوەی سەربەخۆ دا، ئەمە جگە لە هەڵوەشانەوەی یاسای نەوتو گازی هەرێمی كوردستان، كە لەساڵی 2007 لە پەرلەمانی كوردستان دەركرابوو.
ئەو هەنگاوەی دادگای فیدراڵی وای لە حكومەتی عێراق كرد، چەند رێكارێك لەدژی دۆسییەی نەوتی هەرێمی كوردستان بگرێتە بەر، كە سەرەتا بە ئاگاداركردنەوەی حكومەتی هەرێم دەستیپێكرد بەوەی دەبێت پابەندی بڕیاری دادگا بێتو بە تەواوی دۆسییەی نەوت رادەستی بەغدا بكات.
لەبەرانبەردا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو داوایەی رەتكردەوەو لە رێگەی دەركردنی بەیاننامەوە، ناپابەندی خۆی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق دووپاتكردەوەو رایگەیاند، ئەو دادگایە دەستووری نییە، بۆیە پابەند نابن بە بڕیارەكەیەوە.
لەدوای رەتكردنەوەی ئەو داوایە، حكومەتی عێراقیش دەستی بە جێبەجێكردنی رێكاری نوێ كرد، ئەوەش لە رێگەی ئاراستەكردنی نامەیەك بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەوەی دەبێت لەمەولا مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عێراق بكەنو گرێبەستەكانیان لە بەغدا نوێبكەنەوە، نەك لەگەڵ حكومەتی عێراق.
ئەم هەنگاوەی حكومەتی عێراقیش ئەنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتەوە، دوای ئەوەی كۆمپانیاكان وەڵامی بەغدایان نەدایەوە، بۆیە وەزارەتی نەوتی عێراقیش بە ناچاری لە دادگای بازرگانی عێراق سكاڵای لەسەر ئەو كۆمپانیایانە تۆماركرد، كە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كار دەكەن.
ئەم هەنگاوەی حكومەتی عێراق وایكرد كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانیش دەست بە هەوڵی خۆیان بكەن، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەنگاوەكانی بەغدا ببنەوەو لەسەر راسپاردەی حكومەتی هەرێم لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا كۆبوونەوەیان كردو بەپێی زانیارییەكانی بوار، لەسەر ئەوە رێككەوتوون لە دادگاكانی ئەوروپا سكاڵا لەسەر حكومەتی عێراق تۆماربكەن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو كۆمپانیایانە پێینوایە، ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردویانە یاساییەو بەپێی دەستووری عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دۆسییەی نەوتی هەرێم كردووە، بۆیە لەبەرابەر هەنگاوەكانی بەغدا پەنا بۆ داگاكانی ئەوروپا دەبەن.
هەر لە چوارچێوەی كاردانەوەی ئەو دۆسییەدا، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هاتووەتە سەر هێڵ، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگاتە رێككەوتنو ئەو گرژییانەی بەم دوایانە دروست بووە، لەگەڵ حكومەتی عێراق هێوربكاتەوە، بۆیە رۆژی 6ی حوزەیران شاندێكی ناردە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق.
بەپێی زانیارییەكان، سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بۆ یەكلاكردنەوەی دوو بابەتە، كە یەكێكیان تایبەتە بەو رێكارانەی حكومەتی عێراق لە دژی دۆسییەی هەرێم گرتوویەتییە بەرو دەیانەوێت وا لە حكومەتی بەغدا بكەن، دۆسییەی نەوتی هەرێم بە گفتتوگۆ یەكلابكەنەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، شاندەكە هیچ بڕیارێكو رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراقو وەزارەتی نەوت یەكلاناكاتەوە، بەڵكو دەیانەوێت دواین هەڵوێستی بەغدا بزاننو دواتر ئەو هەڵوێستە بهێننەوە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ بكەنو دواتر بڕیاری یەكلاكەرەوە لەو بارەوە بدرێت.