بوار، تایبەت
لە سێ یەم ساڵیادی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، پارتی دیموكراتی كوردستان و تیمی پارتی لە كابینەی نۆیەم، هەڵمەتێكی فراوانیان بۆ پیشاندانی پڕۆژەكانی ئەم كابینەیە دەسپێكردووە.
بەپێی زانیاری بەردەستی بوار، لە مانگی رابردوو، تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێم لە رێگەی ستافی كوردستان 24 و ئەو رۆژنامەنووسانەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەت و دەستەكانن پلان دانرا بۆ ئەوەی هەڵمەتێكی فراوان بۆ پیشاندانی پڕۆژەو كارەكانی كابینەی نۆیەم دەست پێبکرێت.
تیمە میدیایەكە دەستیان بە تۆماركردنی بەرنامە و راپۆرت و بەدواداچوونەكانیان كرد بۆ ئەوەی لە ساڵیادی پێكهێنانی كابینەكە پەخش بكرێت.
بەرنامەكە وابوو، گوێ بەوە نەدرێت كە تەنها پڕۆژەی ئەو وەزارەتانە پەخش بكرێت كە وەزیرەكەیان پارتیە، بەڵكو سەرجەم پڕۆژەكان وەك دەستكەوتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت پیشان بدرێت.
بوار زانیویەتی، لەكاتی گفتۆكردن ئاماژە بەوەكراوە، كە هەریەك لە یەكێتی و گۆڕان وەك هاوبەشی سەرەكی هیچ بەرنامەیەكیان نییە بۆ پیشاندانی پڕۆژەی ئەو وەزارەتانەی كە وەزیرەكان لە حزبی خۆیانە، بۆیە باشتر وایە كار لەسەر ئەو وەزارەتانەش بكرێت و لە چوار چێوەی بەرنامە و راپۆرتەكاندا ناوی مەسرور بارزانی بهێنرێت و ئەوانیش دەبنەوە دەست كەوتی خۆیان.