ئەگەری پێكدادانی سەربازی بەهێزە
بوار، بەغدا
لە شەوی رابردووەوە دۆخی ئەمنی بەغدا ئاڵۆزەو سات بە ساتیش دۆخەكە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، بەو پێیەی خۆپیشاندەران تا دێت زیاتر لە ناوچەی سەوز نزیك دەبنەوە.
شەوی رابردوو خۆپیشاندەران، كە زۆرینەیان لایەنگری موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدرن رژانە سەر شەقامەكانی بەغداو بەشێك لەبارەگاكانی رەوتی حیكمەیان داخست، ئەوەش وەك كاردانەوەیەك لەسەر قسەكانی عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە.
سەرۆكی رەوتی حیكمە پێشتر رایگەیاندبوو، چوارچێوەی هەماهەنگی سوورە لەسەر هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتو لە هەنگاوەكانی بەردەوام دەبێتو پاشەكشەش لە كاندیدكردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پێكهێنانی حكومەت ناكات.
ئەمە بەس بوو بۆ زیاتر گەرمتربوونی لایەنگرانی موقتەدا سەدر بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، بۆیە لە بەیانی رۆژی شەممەوە دەستیان بە خۆپیشاندان كردو خۆپیشاندانەكەش ئاراستەكەی بەرەو ناوچەی سەوز بوو.
لە بەیانییەوە تا دەهات خۆپیشاندان زیاتر فراوان دەبوو، هێزە ئەمنییەكان بۆ رێگری لە چوونی خۆپیشاندەران بۆ ناوچەی سەوز پێنج بەربەستی كۆنكرێتیان دانابوو، بەڵام ئەوە نەبووە رێگر لەبەردەم خۆپیشاندەرانو زۆرینەی بەربەستەكان لەماوەیەكی كەمدا شكێنران.
دوای شكاندنی بەربەستەكان، هێزە ئەمنییەكان زیاتر بڵاوەیان پێكراوەو بەپێی میدیا عێراقییەكان، ئێستا هێزی پۆلیسی فیدراڵیو سوپای عێراقو دژەتیرۆر لەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدان، بەتایبەتی لەناو ناوچانەی بەغدا، كە دامودەزگاكانی لێیە.
هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەكانی سەر بەحكومەتی عێراق، ژمارەیەكی زۆریش لە هێزە ئەمنییەكانی حەشدی شەعبی بەتایبەتی هێزەكانی سەر بە كەتیبەكانی بەدرو رەوتی حیكمە لەناوچەی سەوز بڵاوەیان پێكراوەو ئەوان زیاتر بارەگاو ماڵی بەرپرسانی شیعە دەپارێزن.
لەگەڵ ئەوەشدا موقتەدا سەدر جگە لەوەی لایەنگرانی ناردووەتە ناوچەی سەوز، بەشێكی زۆر لەهێزە ئەمنییەكانی ، كە بریتین لە كەتیبەكانی سەرایا سەلام لە چەند ناوچەیەكی بەغدا جێگیركردووە.
ئەمە وایكردووە، كە گریمانەی ئەوە زیاد بێت، كە رەنگە پێكدادانی سەربازی لەنێوان هێزە جیاوازەكان دروست بێت، بەو پێیەی هێزە ئەمنییەكان هەموویان هێزی سەر بە لایەنەكاننو چەكو تەقەمەنییەكی زۆریشیان لە بەردەستەو هەر لایەكیشیان بە ئاراستەیەك كار دەكەن.