فارس نەورۆڵی بۆ بوار:
پارتی كارێكی بەمن هەبووە بۆ ماوەی دوو سێ ڕۆژێك لە هەولێر ماومەتەوە
”پارتی چۆن وتەبێژی خۆی و ئەندامی سەركردایەتی دەستگیردەكات؟”
بوار، تایبەت
دوای ئەوەی ماوەی هەفتەی ڕابردوو، هەواڵی دەستگیرکردنی (فارس نەورۆڵی) وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوکرایەوە، بۆ یەکەمجار لەڕێگەی بوارەوە فارس نەوڕۆڵی هەواڵی دەستگیرکردنەکەی ڕەتدەکاتەوە. ئەگەر لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا ژمارە مۆبایلەکەی ناوبراو داخرابوو، هەروەها لەڕێگەی ماسنجەرو واتس ئاپیشەوە لەسەر هێڵ نەبوو.
ناوبراو ڕایدەگەیەنێت کە پارتی بۆ كارێكی تایبەت بانگی كردووە و سێ ڕۆژ لەهەولێر ماوەتەوە.
فارس نەورۆڵی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی هەڵەبجەی پارتی و ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە بە بواری ڕاگەیاند: من لەلایەن پارتییەوە دەستگیرنەكراوم ئەوەی باس لە دەستگیركردنم دەكات درۆیەكی گەورەی كردووە، بەڵكوو من بە ئیشێكی تایبەتی حزب چوومەتە هەولێر و ناشكرێت هەموو كاروبارێكی حزب بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئاشكرا بكەم چونكە هەموو حزبێك حەرەمی خۆی هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، من لە ساڵی 1987 ەوە كادری ئەو حزبەم، پارتی هەر ئیشێكی بەمن هەبووبێت ڕامپەڕاندووە، بۆیە ئەم ماوەیەش پارتی كارێكی بەمن هەبووە بۆماوەی دوو سێ ڕۆژێك لە هەولێر ماومەتەوە و پارتی چۆن وتەبێژی خۆی و ئەندامی سەركردایەتی دەستگیردەكات بۆیە ئەوە درۆیەكی گەورەیە كراوە.
وتەبێژەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی – هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، مەرج نییە ئەوەی لە سۆشیال میدیا بڵاوكرایەوە ڕاست بێت، چونكە زۆرجار سۆشیال میدیا بابەتەكان بەلارێدا دەبات، بۆیە من ئەمڕۆ هاتوومەتەوە و سەردانی گۆڕی هاوڕێیەكی خۆمم كردووە و سبەینێش وەك وتەبێژی پارتی لە سلێمانی دەستبەكار دەبمەوە.