گرنگ

غاز، چۆن دەگاتە هاوڵاتیانی هەرێم؟

2022-09-17

 
غاز، چۆن دەگاتە هاوڵاتیانی هەرێم؟
غاز، بە بۆڕی بگاتە ماڵان نرخەكەی چۆن دەبێت؟
بوار، تایبەت
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ڕایگەیاند كار دەكەن بۆ ئەوەی بەبۆڕی غاز بگەیەننە ماڵان هەرچەندە دەستەی وەبەرهێنان كاتی ئەنجامدانی دەست كردن بەكارەكەی ڕانەگەیاندووە.
لەئێستادا هاوڵاتیان غاز لە ڕێگەی بتڵەوە لە بریكارەكانی دابەشكردنی غاز دەكڕن و سەرچاوەی دابین كردنی غازی هەرێم بەپلەی یەكەم غازی بەرهەمهێنراوە لە كێڵگەی كۆرمۆر و بەپلەی دووەم غازی كەركوكە.
كێڵگەی كۆرمۆر، ڕۆژانە بڕی ۱۰٥۰ تۆن لە غازی ماڵان LPG بەرهەمدەهێنێت و هەر تۆنێكی بە ۳۱۰ دۆلار (٤٦٥هەزار دیناری عێراقی) بەكۆمپانیای ساوس كوردستان دەفرۆشێت بۆ هەر لیترێك غاز دەكاتە ۲۳۷ دیناری عێراقی و كۆمپانیاكە هەرتۆنێكی بە ۳٤٥ (٥۱٨ هەزار دینار ) دەداتە كارگەكانی غاز.
ئەو نرخە، داناگاز بەڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم دیاری كردووە و هەندێك جار نرخی بازرگانی غاز لەبازاڕدا دوو هێندەیە، بەڵام كۆمپانیاكە پابەندە بەنرخی دیاریكراوەوە.
كۆمپانیای ساوس كوردستان لە ڕێگای ۱٥۹ تانكەری تایبەتەوە كە لە پلێتی گولەنەبڕ (درع) دروست كراون و لەناو هاوڵاتیاندا بە بتڵ ناسراوە، غاز لە كۆرمۆرەوە دەگوازێتەوە بۆ كارگەكانی غاز لە هەرێمی كوردستان.
هەر تانكەرێك لە وەرزی زستان ۲۳ تۆن و لەوەرزی هاوین سەروی ۱٨ تۆن غاز باردەكەن و ڕۆژانە لە زستاندا ٤٦ تانكەر و لەوەرزی هاوین ٥٦ تانكەر غاز لە كۆرمۆرەوە باردەكرێت بۆ كارگەكانی غاز.
هەر تۆنێك غاز نزیكەی ۱۹٦۰ لیترەو هەر لیترێكی بە ۲٦٥ دینار لەلایەن كۆمپانیای ساوس كوردستانەوە دەگاتە كارگەكانی غاز و بە ۳۳٥ دینار دەدرێتە بریكارەكانی دابەش كردنی غاز.
بەو پێیەی هەر بتڵێك غازی ماڵان ۲۲ لیتر و نیو (١١كیلۆو نیو) غازی تێدایە و بە هاوڵاتیان بە ٨٥۰۰ دینار دەفرۆشرێت، هەر لیترێك غاز بە ۳٨۰ دینار دەگاتە دەستیان.
جگە لەو بڕە غازەی كۆرمۆر، ڕۆژانە چەند تانكەرێك غازی كەركوك دەگاتە چەمچەماڵ و گەرمیان و ئێستا بەشێوەی گشتی هاوڵاتیان غاز بۆ چێشت لێنان بەكار دێنن، بەڵام لە لە ئێستادا چەند بەكارهێنانێكی تری هەیە كە ڕوو لەزیاد بوون دەكەن وەك سۆپای گەرمكردنەوەو سیستەمی شۆڤاز و بەكارهێنانی لەبری بەنزین بۆ ئۆتۆمبێل و بەكارهێنانی بۆ گەرمكردنەوەی هۆڵەكانی بەرهەمهێنانی پەلەوەر لەزستاندا.
لەوەرزی زستاندا ئەو بڕە غازەی بەرهەم دێت دەتوانێت لەشێوەی بتڵ خواستی هەرێمی كوردستان پڕ بكاتەوە، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ خواست لەسەر بەكار هێنان زیاد دەكات.
گەیاندنی غاز بەماڵان پڕۆسەیەكی قورسە، چونكە لەهەر شار و شارۆچكەیەك پێویستی بەكۆگای غازە و لە شارە گەورەكان پێویستی بەچەند كۆگایەكە و ئێستا تەنها لە چەمچەماڵ كۆگایەك هەیە كە هێشتا تەواو نەبووە توانای ۷ هەزار تۆنی هەیە و بەگشتی بەو كۆگایەو كارگەكانی غاز و تانكەرەكان توانای هەڵگرتنی نزیكەی ۱۲هەزار تۆن غاز هەیە كە هێندەی ۱۱ ڕۆژ بەرهەمهێنانی غازە.
لە قۆناغی یەكەم دەبێت كۆمپانیاكان كۆگای غاز دروست بكەن پاشان بۆڕی ڕابكێشن بۆ ماڵ و دامەزراوەكان كە ئەمە قۆناغی قورسی كارەكەیە، چونكە بەركەوتنی زۆری لەگەڵ تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و هێڵی ئینتەرنێت و شەقامەكان دەبێت و لە دیزاینی شەقام و شۆستەكانی شارو شارۆچكەكان ڕەچاوی بۆڕی غاز نەكراوە و تێچووی زۆری دەبێت.
هەركۆمپانیایەك بە ڕاكێشانی بۆڕی غاز هەڵبسێت جگە لە دروست كردنی كۆگا و ڕاكێشانی بۆڕی دەبێت شۆستەو شەقامەكان چاك بكاتەوە و لە دواتردا هەموو ئەو تێچوانە دەخرێتە سەر نرخی غازی ماڵان.
پلانی دەستەی وەبەرهێنان وایە هەر شار یان شارۆچكەیەك ماڵ و دامەزراوەكانی ببەسترێت بەكۆگای سەرەكی شارەكەوە پاشان لە قۆناغی داهاتوو كۆگاكان ببەسترێت بە كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی غازەوە.
لەبەر ئەوەی پڕۆژەكە لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە جێبەجێدەكرێت و وەبەرهێنەر چاوی لە قازانجە لە قۆناغی یەكەم كار لەسەر بەدەستهێنانەوەی تێچووی پڕۆژەكە دەكات. پاشان قازانج كردن لە فرۆشتنی غاز.
لە ئێستادا كۆمپانیای ساوس كوردستان، بۆ هەر تۆنێك ئەگەر بیفرۆشێتە كارگەكانی غاز نزیكەی ٥۳ هەزار دینار قازانج دەكات كە نیوە زیاتری بۆ كرێی گواستنەوە دەڕوات و تێكڕا جیاوازی فرۆشتنی ڕۆژانەی ۱۰٥۰ تۆن غاز لە ساڵێكدا ۲۰ ملیار و ۳۰۰ ملیۆن دینارە و نیوە زیاتری ئەو پارەیە بۆ كرێی گواستنەوە و خەرجی كۆمپانیاكە دەڕوات.
ئەو قازانجە بەبەراورد بە تێچووی تۆڕی غاز و كۆگاكردن زۆر كەمە و لەو حاڵەتەدا كۆمپانیاكان نرخی غاز بەو شێوەیەی ئێستا ناهێڵنەوە، لە حاڵەتی گەیشتنی غاز بەماڵان شوێنی نەوتی سپی دەگرێتەوە و بەرهەمی ئێستای غاز ناتوانێت خواست پڕ بكاتەوە پێویستی بەبەرهەمهێنانی زیاترە.لە پلانی كۆمپانیای داناگازدایە بەرهەمی غاز لە كۆرمۆر بۆ دوو هێندە زیاد بكات و لە كێڵگەی چەمچەماڵ دەست بەبەرهەم هێنان بكات. كۆمپانیای كریسنت ئینێرجی پلانی بەرهەم هێنانی غازی لە كێڵگەی كوردە میر هەیە و لە كێڵگەی خوڕمەڵەش دەتوانرێ هاوشێوەی كەركوك یەكەی جیاكردنەوەی غاز دابنرێت و ڕێگا لە غازی بەفیڕۆچوو بگیرێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color